ئامارە جیهانییەکان: هەر خولەکێک 3,825 تۆن خاشاک لە جیهاندا فڕێدەدرێت

کەناڵ8 14/04/2026
بڕێک لە پاشماوەی زبڵ و خاشاک لە ژینگەدا
بڕێک لە پاشماوەی زبڵ و خاشاک لە ژینگەدا

بەرهەمهێنانی پاشماوە لە جیهاندا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ڕێکاری خێرا نەگیرێتەبەر، تاوەکو ساڵی 2050 بڕی پاشماوەی ساڵانە بۆ 3.8 ملیار تۆن زیاد دەکات.

ئاماری فڕێدانی پاشماوە لەسەر ئاستی جیهان

هەر خولەکێک کە تێدەپەڕێت، 3,825 تۆن لە زبڵ و خاشاک لە جیهاندا فڕێدەدرێت. زۆرترین بەشی ئەم بڕە لە شوێنە کراوەکاندا کۆدەکرێتەوە کە فشار دەخاتە سەر ژینگە و ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان. لە ئێستادا جیهان ساڵانە زیاتر لە 2 ملیار تۆن پاشماوە بەرهەم دەهێنێت و پێشبینی دەکرێت بەهۆی گەشەی دانیشتووان و پەرەسەندنەکانەوە، تاوەکو ساڵی 2050 ئەم بڕە بگاتە 3.8 ملیار تۆن. پاشماوە یەکێکە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی شارستانیەت و بووەتە سەرەتاییترین کێشەی ژینگەیی هەسارەکە.

جۆرەکانی پاشماوە و پۆلێنکردنیان

پاشماوە دەکرێت بە شێوەی ڕەق، شل یان غاز بێت. گەورەترین گروپی پاشماوە پەیوەندی بە شارەکانەوە هەیە کە پێی دەگوترێت پاشماوەی شارەوانی و دابەش دەبێت بۆ پاشماوەی وشک و پاشماوەی تەڕ. پاشماوەی وشکیش بۆ سێ جۆری سەرەکی دابەش دەبێت: پاشماوەی بیناسازی، پاشماوەی پیشەسازی (کارگەکان و وێستگەکانی پاککردنەوە)، و پاشماوەی مەترسیدار (پاشماوەی نەخۆشخانەکان و ئەو ماددانەی دەبنە هۆی مردنی زیندەوەران). پاشماوەی تەڕیش زیاتر پاشماوەی خواردەمەنییەکان دەگرێتەوە.

مەترسییەکانی پاشماوە لە هەرێمی کوردستان

بەپێی ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە 1.2 کیلۆگرام پاشماوەی هەیە، کە ئەم بڕە 4 هێندەی ستانداردی جیهانییە. لە وەرزی هاویندا ئەم پاشماوانە زۆرجار دەسوتێن و دەبنە هۆی دەردانی گازە گەرمکەرەکانی وەک دوانەئۆکسیدی کاربۆن، گۆگرد و نایترۆجین. ئەمەش جگە لە تێکدانی کەشوهەوا، مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆلێرا، پەتا، نەخۆشی سییەکان و شێرپەنجە زیاد دەکات.

ڕیسایکلین وەک چارەسەری بنەڕەتی

لە وڵاتە پێشکەوتووەکان سوود لە پرۆسەی ڕیسایکلین (دووبارە بەکارهێنانەوە) وەردەگیرێت، کە تێیدا پێکهاتەی زبڵەکان لێک جیا دەکرێنەوە و دەگۆڕدرێن بۆ ماددەی خاو بۆ پیشەسازییەکان. ئەم پرۆسەیە کاریگەرییە زیانبەخشەکان بۆ کەمترین ئاست کەم دەکاتەوە و ڕێگری دەکات لە پڕبوونی زبڵدانەکان و پیسبوونی زەوی و ئاو. هەروەها ڕیسایکلین دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هێزی کار لە ناوەندەکانی جیاکردنەوە و کارگەکاندا.

جیاوازی نێوان پاشماوەی وشک و تەڕ

بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ڕیسایکلین، پێویستە پاشماوەی وشک و تەڕ لە یەک جیا بکرێنەوە. پاشماوەی وشک هەموو جۆرەکانی پلاستیک، شووشە، ئاسن، دار، قوماش، کارتۆن و کاغەز دەگرێتەوە. پاشماوەی تەڕیش ماددە خۆراکییە سروشتییەکان دەگرێتەوە وەک پێست و میوەی سەوزەوات، پاشماوەی خۆراکی کوڵاو، زەیتی چێشتلێنان، توێکڵی هێلکە و ئێسکی مریشک و ماسی. پێویستە لە ماڵ و ئۆفیسەکاندا 2 سەبەتەی جیاواز بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنرێت.

قۆناغەکانی بەڕێوەبردنی پاشماوە و ڕیسایکلین

پڕۆسەی ڕیسایکلکردن لە 6 قۆناغی سەرەکی پێکدێت. یەکەم؛ جیاکردنەوەی پاشماوە لە سەرچاوە (ماڵ یان ئۆفیس). دووەم؛ کۆکردنەوە و گواستنەوە بۆ ناوەندەکان. سێیەم؛ جیاکردنەوەی وردی پاشماوەکان لە یەکتر. چوارەم؛ شۆردن و پاککردنەوەی پاشماوەکان. پێنجەم؛ گۆڕینی دۆخ و شێوەی پاشماوە لە کارگەی ڕیسایکلین. شەشەم و کۆتایی؛ بەکارهێنانی کەرەستە ڕیسایکلکراوەکان وەک کەرەستەی خاو لە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکاندا.

کەناڵ8

14/04/2026