
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، چین بەڵێنیداوە چەک بۆ ئێران دابین نەکات، ئەمەش پاش ئەو دەنگۆیانەی باس لە گواستنەوەی چەک لە پەکینەوە بۆ ئەو وڵاتە دەکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی، چین ڕازی بووە چەک بۆ ئێران نەنێرن و زۆر دڵخۆشیشە بە کردنەوەی هەمیشەیی گەرووی هوورمز، دەشڵێت، ئەو کارەی لەپێناو ئەوان و هەموو جیهان کردووە.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس بزنس ڕایگەیاند، داوای لە هاوتا چینییەکەی کردووە چەک نەدات بە ئێران، سەرۆکی چینی لە وەڵامدا گوتوویەتی "لە بنەڕەتدا ئەو کارە ناکات".
ترەمپ ئاماژەی بەوەکردووە، پاش چەند هەفتەیەکی دیکە سەردانی شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەکات، پێشبینی کرد، گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوتی جیهانی بەهۆی شەڕی ئێران و گۆڕانکارییەکانی ڤەنزوێلا، کاریگەری نەکەنە سەر ڕەوتی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەیان کە لەسەر بنەمای "زیرەکی و کاراییە" و هیوای خواست ئەم تێگەیشتنە ڕێگری لە پێکدادانی سەربازی بکات.
ترەمپ گوتیشى "چین وڵاتێکە پێویستی بە نەوتە، ئێمە پێویستمان پێی نییە، پێشتریش ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی دەستبەجێی بە ڕێژەی %50 کردبوو بەسەر هەر وڵاتێکدا کە چەک بۆ ئێران دابین بکات".
هەروەها داتاکانی کەشتیوانی دەریانخستووە کە تانکەری نەوتی "ڕیچ ستاری" کە سزای ئەمریکای لەسەرە، ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ گەرووی هوورمز دوای ئەوەی ڕۆژی پێشتر کەنداوی جێهێشتبوو.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری یەکەمدا، هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە گەمارۆی ئەمریکا ببڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد شەش کەشتی پابەندی ڕێنماییەکانی هێزە ئەمریکییەکان بوون و گەڕاونەتەوە بۆ بەندەرێکی ئێران.
ئەو تانکەرە کە خاوەندارێتییەکەی بۆ چین دەگەڕێتەوە، یەکێک بوو لەو 9 کەشتییەی کە سێشەممە لە یەکەم ڕۆژی گەمارۆی ئەمریکادا بەڕێڕەوە ئاوییەکەدا تێپەڕین، بەرپرسێکی ئەمریکیش گوتی "کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی دوێنێ ڕێگری لە دوو تانکەری نەوت کردووە کە هەوڵیان دەدا بەندەری "چابەهار"،ی ئێران لەسەر دەریای عومان جێبهێڵن".




.jpg)
