
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە فەرمی پێشوازی لە دانانی محەمەد سەمعان وەک پارێزگاری نوێی کەرکوک دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی پتەوکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری لە نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکاندا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵبژاردنی محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی وەک پارێزگاری کەرکوک، پێشهاتێکی ئێجگار گرنگ و مێژووییە. تورکیا پێی وایە کەرکوک شارێکی خاوەن پێکهاتەی فرەچەشن و فرەییخوازە، هەربۆیە هەڵبژاردنی پارێزگار لە پێکهاتەی تورکمان لە ڕووی گشتگیری و دادپەروەرییەوە هەنگاوێکی جێگەی بایەخە بۆ داهاتووی ئیداریی شارەکە.
حکومەتی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دابەشکردنی پۆستە ئیدارییە باڵاکان لە پارێزگای کەرکوک بە شێوەی خولی، دەستکەوتێکی دادپەروەرانەیە. ئەم مۆدێلە کە لەسەر بنەمای سازانی نێوان نەتەوەکان جێگیر کراوە، بە تەنیا وەک دەستکەوت بۆ تورکمانەکان نابینرێت، بەڵکو وەک هەنگاوێکی "بە ویژدانانە" بۆ بەرژەوەندی تەواوی پێکهاتە ڕەسەنەکانی شارەکە لە قەڵەم دەدرێت کە ماوەیەکی درێژە چاوەڕوانی ڕێککەوتنی سیاسی دەکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هیوای خواستووە کە ئەم گۆڕانکارییە ئیدارییە ببێتە مایەی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانی کەرکوک و تەواوی گەلی عێراق. تورکیا دەڵێت پتەوکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەم شارە ستراتیژییەدا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دەبێت و ئەم پێشهاتە سیاسییە نوێیەش خزمەت بەو ئامانجە دەکات.