وەزارەتی پەروەردە جلی یەکپۆشی خوێندکارانی بۆ ساڵی 2026-2027 خستەڕوو

لە مەراسیمێک دا وەزیری پەروەردە جلوبەرگی نوێی خوێندنی بۆ ساڵی 2026-2027 ڕاگەیاند کە تیایدا یەکپۆشی بۆ قۆناغە جیاجیاکان واتە لە باخچەوە تاوەکو 12ـی دواناوەندی، دیاریکراوە و بەڕەنگ و شێوە جیاکراونەتەوە و دەشڵێت، لە ڕێگەی لیژنەیەکەی تایبەتمەندەوە جلوبەرگەکە دیزاین کراوە.

جیاوازى پۆشاکەکان

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پۆشاکانە بۆ سەرجەم قوتابخانەکان بە حکومی و تایبەتەوە هەمان جلە و جیاوازی تێدانییە واتە یەکپۆشییە و پانتۆڵ و تی-شێرتە و ڕیژەی کەتان تیایدا نابێت لە 70٪ کەمتر بێت و لەڕووی کوالێتییەوە باشترە هەرچی پانتۆڵە کەتانەکەی نابێت 50٪ کەمتر بێت.

گۆڕانکارى لە پۆشاکەکان

ڕوونیشیکردەوە، کچان لە قۆناغەکانی دواناوەندی و ئامادەیی دەتوانن لەبری تەنوورە، پانتۆڵ لەبەر بکەن.

بازرگان کارەکان دەکات نەک کۆمپانیا

وەزیری پەروەردە، گوتیشی، دڵنیایی دراوەتە بازرگانان کە جلو بەرگەکان نەدراوەتە کۆمپانیا بەڵکو بازرگان دەبێت بەگوێرەی ستاندارتی وەزارەتی پەروەردە جلوبەرگەکە دروستبکات و لە هەموو دووکانێک بەردەست دەبێت و بۆ هەموو کوردستان یەک لۆگۆی لەسەرە ئەویش لۆگۆی وەزارەتی پەروەردەیە و بازرگان و قوتابخانەکان بۆیان نییە قۆرخکاری تێدابکەن.

ڕێکارەکان بۆ بازرگانان

لەلایەکى دیکەوە، ڕەگەز ڕەشید، سەرۆکی دیوانی وەزارەتى پەروەردە، ئاماژەی بەوەکرد، بازرگانان دەتوانن بچنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی شارەکان یاخود بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارۆچکەکان بۆ وەرگرتنی ئەو کەتەلۆکەی نموونەی جلو بەرگەکانی لەسەرە و بتوانن دروستی بکەن.