ئالان حەمەسەعید: هیچ بڕیارێک بۆ دووبارە کەمکردنەوەی پڕۆگرام و دواخستنی تاقیکردنەوەکان نییە
وەزیری پەروەردە، کۆتایی بە دەنگۆکان دەهێنێت و جەخت دەکاتەوە کە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا ئەنجام دەدرێن و نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبیش بۆ تێکڕای گشتی هەژمار دەکرێن.
پڕۆگرامی خوێندن و نمرەی وانەکان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ پێشتر کەمکراوەتەوە و هیچ بڕیارێک نییە بۆ دووبارە کەمکردنەوەی. سەبارەت بە هەژمارکردنی نمرەی وانەکانی کوردی و عەرەبی، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە نمرەکانیان هەژمار دەکرێت، چونکە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت بۆ ئەمساڵی خوێندن نمرەی ئەو دوو وانەیە لەسەر تێکڕای گشتی هەژمار بکرێت.
وادەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12
لەبارەی داواکاریی خوێندکارانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ درێژکردنەوەی وادەی تاقیکردنەوەکان و دواخستنیان بۆ 26ـی حوزەیران، ئالان حەمە سەعید ڕایگەیاند، لیژنەی باڵا بۆ ئەو پرسە دەستکراوە کراوە، بەڵام لیژنەکە هیچ گۆڕانکارییەکی لە وادەکەدا نەکردووە. بەو پێیەش تاقیکردنەوەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا کە 14ـی حوزەیرانە، ئەنجام دەدرێن.
23/04/2026