
هەڵەبجە:
ژیارە مرۆییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش زایین
لانکەیەکی دەوڵەمەندە بە زمان و زار و فەرهەنگ
کاریگەریی لەسەر ڕۆشنبیری و کولتووری کوردی دروستکردووە
لانکەی سەرهەڵدانی ژمارەیەک کەسایەتیی دیاری کوردە
سەرمەشقی شۆڕشی شیعری کوردی، هەڵەبجەییە
پێگەیەکی گرنگە بۆ ئازادیی خانمان
لە ئاستی سەرەتاییترین قۆناغەکانی شارستانییەتدا، هەڵەبجە پاشماوەی ژیاری مرۆیی تیادا دۆزراوەتەوە، بەشێک لە شارەزایانی مێژوو، ئاماژە بەوە دەدەن:
هەڵەبجە هێندە کۆنە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لۆلۆییەکان، گومانیش دەکرێت شاری دێرینی (خار خار – کاداخار) کە پێگەی شارستانییەت بووە لە هەزارەی دووەمی پێش زایین، هەڵەبجەی ئێستا بووبێت.
لە سایەی ئەم مێژووە دێرینەدا، هاوشانی هاتن و ڕۆیشتنی شارستانییەت و شارەکان، لە مێژووی نوێدا، هەڵەبجە بووە بە لانکەیەکی دەوڵەمەند، نەک تەنیا بۆ کشتوکاڵ و پێگەیەکی جیۆسیاسیی گرنگ، بەڵکو بۆ بەخشینی چەندین ناو و کەسایەتیی ناسراو بە نیشتمان، کە هەر زوو، بوون بە کۆڵەکەی کولتوور و ڕۆشنبیریی ناوچەکە و کوردستان بە گشتی.
دیارترین ئەو شاعیرانەی لە هەڵەبجەوە هەڵکەوتوون:
مەولەوی
ئەحمەد موختار جاف
تاهیر بەگی جاف
عەبدوڵڵا گۆران
قانع
ساڵی 1919، لە سەردەمی عادیلە خانمدا (کە چەندین پڕۆژەی بۆ ئاوەدانی و پێشخستنی زانست و خوێندەواریی ئەنجامداوە) بە فەرمی قوتابخانە لە هەڵەبجە کراوەتەوە و بە قوتابخانەی پەڕۆ ناسراوە؛ لە سەرەتای کردنەوەیدا بەهۆی نەبوونی باڵەخانەی گونجاو، خوێندکارەکانی لەژێر خێوەتدا خوێندوویانە و خەڵکی ناوچەکە بە قوتابخانەی پەڕۆ ناویان بردووە.
دیارترین بزاوتە ڕۆشنبیرییەکانی هەڵەبجە:
ساڵی 1933 یەکەم قوتابخانەی کچانی تیادا کراوەتەوە
ساڵی 1939 یەکەم شانۆیی تیادا نمایشکراوە
ساڵی 1958 خاوەنی سێ تیپی شانۆیی بووە
ساڵی 1973 یەکەم تیپی موزیکیی تیادا دروستکراوە
کاریگەرییە ڕۆشنبیرییەکانی هەڵەبجە لەسەر هەگبەی کورد:
دامەزراندنی قوتابخانەی شیعری هەورامان و گۆران
سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێی شیعر لەسەر دەستی عەبدوڵڵا گۆران
دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و زمان لەڕێگەی بەرکەوتنی زاراوەکان
فەراهەمکردنی زەمینەیەکی گرنگ بۆ نووسینەوەی مێژوو
پێشەنگایەتیی خانمان و پێشکەشکردنی ژینگەیەکی ئازاد