دەوڵەت باخچەلی: هەڵبژاردنی پارێزگارێکی تورکمان لە کەرکووک ساڕێژی ئازارە مێژووییەکانی کردووین

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) پێشوازی لە دەستبەکاربوونی محەممەد سەمعان وەک پارێزگاری کەرکووک دەکات و جەختدەکاتەوە کە ئارامیی عێراق و پاراستنی ناسنامەی تورکمان، زامنی ئاسایشی سنوورەکانی باشووری تورکیایە.

هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لە وتارێکدا هەڵبژاردنی محەممەد سەمعانی وەک پارێزگاری کەرکووک بە پێشهاتێکی "مێژوویی" و "خاڵی وەرچەرخان" بۆ دەرکەوتنی ئیرادەی تورکمان ناوبرد. باخچەلی ڕایگەیاند کە دەستبەکاربوونی سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەو پۆستەدا، کەمێک لە ئازارە مێژووییەکانی تورکمانی لەو شارەدا ساڕێژ کردووە.

پاراستنی ناسنامەی تورکمان لە "تورکمەنەلی"

سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەکانی تەلەعفەر، دووزخورماتوو، پردێ و کەرکووک بە "نیشتمانی دێرینی تورک" دادەنرێن. باخچەلی ڕەخنەی لەو هەوڵانە گرت کە بۆ کەمکردنەوەی زمانی تورکی و لاوازکردنی ناسنامەی نەتەوەیی لەو ناوچانەدا هەبوون و جەختی کردەوە کە بوونی تورکمان لە کەرکووک پەراوێز ناخرێت و ناسنامەکەیان بە هیچ پیلان و دەستوەردانێکی دیمۆگرافی ناسڕدرێتەوە.

عێراق؛ زیاتر لە تەنیا دراوسێیەک بۆ تورکیا

دەوڵەت باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بۆ تورکیا دراوسێیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو جوگرافیایەکی زیندووی مێژوویی، کولتووری و ئابووریی هاوبەشە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئارامیی شارەکانی کەرکووک، موسڵ، هەولێر، بەغداد، نەجەف و بەسڕە، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئارامیی هێڵی باشووری تورکیا و پتەوبوونی هاوسەنگیی ناوچەیی.

فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییەکان لە دەرەوەی ئەمنی

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، باخچەلی داوای کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق تەنیا لە چوارچێوەی قەیران و دۆسیە ئەمنییەکاندا کورت نەکرێنەوە. سەرۆکی مەهەپە بە پێویستی زانی کە ئاسۆی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە، ئیدارەدانی ئاو، بازرگانی، وەبەرهێنان و پەروەردە فراوان بکرێن، تاوەکو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەشەپێدانی ئابووری پێکەوە هەنگاو بنێن.