
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵی لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و بودجەی مەشق و پڕچەککردنی پێشمەرگەی نزیک کردووەتەوە لە سفر.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە بودجەی ساڵی 2027دا، داوای 303 ملیۆن دۆلاری کردووە بۆ چالاکییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم". ئەم بڕە پارەیە بۆ مەبەستی ڕاهێنان و پڕچەککردنی هێزە هاوبەشەکانە لە جەنگی دژی داعش لە عێراق، سووریا و ناوچەکەدا.
لە کۆی ئەو بودجەیە، بڕی 119 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرخانکراوە، کە هێزەکانی پێشمەرگە لەم بەشەدا نین. هەروەها 130 ملیۆن دۆلار بۆ هاوبەشەکانی ئەمریکا لە سووریا، 36 ملیۆن دۆلار بۆ هێزە چەکدارەکانی لوبنان و 18 ملیۆن دۆلاریش بۆ هێزە چەکدارەکانی ئوردن دیاریکراوە.
بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی پێنتاگۆن، بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ساڵی دارایی 2027 لە بەشی مەشق و کەرەستە (T&E) تووشی دابەزینێکی یەکجار زۆر بووە. لە کاتێکدا لە ساڵی 2025 بڕی 57.8 ملیۆن دۆلار و لە ساڵی 2026 بڕی 61 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرابوو، بۆ ساڵی 2027 ئەم بڕە پارەیە گەیشتووەتە نزیکەی هیچ.
تاکە بودجەیەک کە وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی دارایی 2027دا وەریگرێت، تەنیا بڕی 1,354,870 دۆلارە. ئەم بڕە پارەیەش تەنیا بۆ دابینکردنی کەرەستەی پزیشکی (Class VIII) تەرخانکراوە، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تێکشکاندنی داعش و مەشقکردن.
بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کەمکردنەوەیە هەنگاوێکی "بەئەنقەستە". ئامانجی ئەمریکا ئەوەیە ڕێگە بە سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگە بدات بەردەوام بن لە بونیادنانی توانای سەربەخۆی خۆیان، لە کاتێکدا واشنتن تەنیا پشتیوانییە پزیشکییە گرنگەکانیان بۆ دابین دەکات.
لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027دا، بڕی 4.4 ملیار دۆلار بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسە سەربازییەکانی ئەمریکا، پاراستنی هێزەکان و چالاکییەکانی بەرپەرچدانەوە لە ناوچەی کارکردنی سێنتکۆم تەرخانکراوە، کە هاوکارییەکانی بۆ ئیسرائیلیش لەخۆدەگرێت.