زیندانیانی سیاسیی: سەردانمان بۆ بەغداد بۆ پەلەکردنە لە هاوتاکردنی مینحەکانمان
شاندێکی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی گواستنەوەی مینحەکانیان و وەرگرتنی مافە داراییەکانیان هاوشێوەی بەغداد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کۆدەبنەوە.
بەدواداچوون بۆ گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان
بەهادین عەزیز، سەرۆکی کۆمکاری زیندانییانی سیاسیی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 03/05/2026 شاندێکیان لە شاری بەغداد لەگەڵ دەستەی زیندانیانی سیاسی عێراق کۆدەبنەوە. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە بەدواداچوونە بۆ ئەو هەنگاوانەی پێویستن بۆ گواستنەوەی فەرمی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی هەرێم بۆ سەر دەستەی زیندانیانی سیاسی عێراق، تاوەکو سەرجەم مینحە و ئیمتیازاتەکانیان هاوتای هاوتەمەنەکانیان لە بەغداد بکرێت.
جیاوازیی بڕی مینحە و ئیمتیازاتەکان
بەگوێرەی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2006 و هەموارەکەی لە ساڵی 2013، زیندانیانی سیاسی هەرێم بە گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکی بەغداد، سوودمەند دەبن لە هەموو ئیمتیازاتەکانی عێراق. لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەدا، ئەو زیندانییانەی ئێستا 250,000 دینار وەردەگرن، بڕی پارەکەیان بۆ 700,000 دینار زیاد دەکات، هەروەها ئەوانەی ئێستا 500,000 دیناریان هەیە، بڕی مینحەکەیان دەبێتە 1,200,000 دینار.
ئاماری زیندانیانی سیاسی و بودجەی 2026
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 43,000 زیندانی سیاسی بوونیان هەیە، کە تاوەکو ئێستا تەنیا دۆسیەی نزیکەی 26,000 کەسیان پشتڕاست کراوەتەوە و دۆسیەی 17,000 زیندانی دیکە هێشتا یەکلانەبووەتەوە. سەرۆکی کۆمکاری زیندانیان ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی شەهیدان ڕێکارەکانی تەواو کردووە و داوا دەکەن شاندی باڵای حکومەت پەلە بکەن لە سەردانەکەیان بۆ بەغداد، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەم مافانە لە بودجەی ساڵی 2026ـدا جێگیر بکرێن.
03/05/2026