وەزارەتی ناوخۆ ڕێکارەکانی ڕێگری و لابردنی زێدەڕۆیی بۆ توندترین ئاست بەرز دەکاتەوە

کەناڵ8 14/05/2026
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی بۆ بنبڕکردنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی دەرکرد و تێیدا جەخت لە دەستگیرکردنی زێدەڕۆکاران دەکاتەوە، بە جۆرێک تاوەکو زێدەڕۆییەکە لانەبرێت، تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر ئازاد ناکرێت.

شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ ئاستی ناحیە

بە فەرمانی ژمارە 13933 کە لە ڕێکەوتی 13-5-2026 دەرچووە و بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکانی ڕێگری و لابردنی سەرپێچیی زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سامانە سروشتییەکان توند کران. ئەم بڕیارە بۆ ئاستی ناحییەکانیش شۆڕ کراوەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگریی دەستبەجێ لە هەر جۆرە زێدەڕۆییەک لەسەر دارستان، پاوان، حەرەمی شەقام، بەنداو و ڕووبارەکان بکرێت.

پێکهاتەی لیژنە باڵا و لاوەکییەکان

بڕیار دراوە بە پێکهێنانی لیژنەی تایبەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە ڕاستەوخۆ بە پارێزگار یان سەرپەرشتیارەوە دەبەسترێنەوە. لیژنەکان بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی چالاکی پۆلیس و ئەندامییەتی نوێنەرانی ئاسایش، پۆلیسی دارستان، وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی کشتوکاڵ دەبن. هەروەها لە قائیمقامییەت و ناحیەکاندا لیژنەی لاوەکی پێکدەهێنرێت کە یەکێک لە ئەندامەکانی موختاری سنوورەکە دەبێت.

ماوەی 24 کاتژمێر بۆ لابردنی زێدەڕۆیی

بەپێی دەسەڵاتە نوێیەکان، لیژنەکان دەتوانن دەستبەجێ هەموو جۆرە زێدەڕۆییەک ڕابگرن. زێدەڕۆکار ئاگادار دەکرێتەوە کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا سەرپێچییەکە لابدات؛ ئەگەر پابەند نەبوو، کەیسی یاسایی بۆ دەکرێتەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیر دەکرێت. جەخت لەوەش کراوەتەوە کە نابێت زێدەڕۆکار لە هەردوو قۆناغی لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردن ئازاد بکرێت تاوەکو زێدەڕۆییەکە لەسەر خەرجی خۆی لادەبات.

بەرپرسیارێتیی یەکە ئیدارییەکان و سزای فەرمانبەران

پارێزگار، سەرپەرشتیار، قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان بەرپرسی یەکەمی پێکهێنان و بەدواداچوونی کارەکانی ئەم لیژنانەن. لە فەرمانەکەدا هۆشداری دراوە کە هەر کەسێک لە یەکە ئیدارییەکان و فەرمانگەکانی حکومەت کەمتەرخەمی بکات، یان ئاسانکاری و چاوپۆشی بۆ زێدەڕۆیی بکات، بەپێی یاسا ڕێکاری توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

کەناڵ8

14/05/2026