بەڕێوەبەری پارکی ئازادی: خوێندکاران بەڵێنیان دا و نەیانبردە سەر؛ پارکەکە پڕبووە لە خۆڵ و خاشاک
بەجێهێشتنی خۆڵ و خاشاکی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران لە پارکە گشتییەکان نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە و بەڕێوەبەری پارکی ئازادیش داوا دەکات پاشماوەکانیان کۆبکەنەوە.
زیادبوونی ئەرکی پاککردنەوە
تەها قادر، بەڕێوەبەری پارکی ئازادی ڕایگەیاندووە، بەجێهێشتنی پاشماوەی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران لە پارکی ئازادی و پارکی هەواری شار ناڕەزایەتى لێکەوتووەتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆژانە لەگەڵ دەستپێکی کار، تیمەکانیان نزیکەی 1.5 بۆ 2 کاتژمێر تەنیا سەرقاڵی پاککردنەوەی ئەو خۆڵ و خاشاکەن کە لە دوای ئاهەنگەکان بەجێدەهێنرێن و کارمەندەکانیان فریاى ئەو ئەرکە زۆرە ناکەون.
پابەندنەبوون بە بەڵێننامەکان
بەڕێوەبەری پارکی ئازادی بۆ کەناڵ8 ڕوونیکردووەتەوە کە پێشتر بەڵێننامە بە خوێندکاران پڕکراوەتەوە بۆ پاراستنی پاکوخاوێنی، بەڵام پابەندبوون بوونی نەبووە. ئاماژەی بەوەش داوە کە ساڵانی پێشتر بڕە پارەیەک وەک بارمتە (تامینات) لە خوێندکاران وەردەگیرا بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی ژینگەی پارکەکە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی داراییەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە، ئەمەش کاریگەریی هەبووە لەسەر زیادبوونی پاشماوەکان.
داواکاری لە خوێندکاران و کەسوکاریان
تەها قادر داوای لە سەرجەم خوێندکاران و کەسوکاریان کردووە، لە دوای تەواوبوونی ئاهەنگی دەرچوون پاشماوەکانیان کۆبکەنەوە و بەجێی نەهێڵن. جەختی کردووەتەوە کە پێویستە هەمووان بەرپرسیارانە ڕەفتار بکەن بۆ ئەوەی سیمای پارکەکان بە پاکی بمێنێتەوە و ڕێگری بکرێت لە تێکچوونی ژینگەی ئەو شوێنانەى بۆ ئاهەنگگێڕان بەکاردێن.
17/05/2026