
ئۆکرانيا ڕايگەياند، شەوی ڕابردوو ڕووسیا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەشتييەکی چينی لە دەريای ڕەش، ئەوەش ڕۆژێک پێش سەردانەکەی ڤيلادمێر پوتن بۆ پەکين دێت.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی ئێکس ڕایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى ڕووسیا هێرشیان کردە سەر ئۆدێسا و یەکێک لە درۆنەکان بەر کەشتییەک کەوت کە هی چين بوو، ناکرێت ڕووسەکان بێئاگابن لەوەی چ کەشتییەک لە دەریادایە.
گوتەبێژی هێزی دەریایی ئۆکرانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هیچ کام لە تیمی سەر کەشتییەکە کە سەرجەميان هاوڵاتی چینی بوون بریندار نەبوون و کەشتییەکە بەردەوام بووە لە گەشتەکەی، ئەو ئاگرەی بەهۆی هێرشەکەوە لەسەر کەشتييەکە کەوتووەتەوە کۆنترۆڵکراوە.
کەشتییەکە باری تێدا نەبووە و بەرەو بەندەری پیڤدێنی ئۆکرانیا لە ناوچەی ئۆدێسا دەڕۆیشت کە بڕیار بوو کانزای ئاسن بار بکات.
تاوەکو ئێستا ڕووسيا و چين هيچيان لەبارەی هێرشی سەر کەشتييەکەوە نەوتووە، بڕيارە سبەی ڤيلادمێر پوتن بە گەشتێکی دوو ڕۆژە سەردانی چين بکات و بەگوێرەی ڕاگەيێنراوی کرێملن، گەشتەکە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی ستراتيجی نێوانيانە.
.jpg)