شەقامەکانی شاری بونیا لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێو بڵاوبوونەوەی خێرای ئیبۆلادا هێشتا قەرەباڵغن و پڕن لە هاتوچۆی ئاسایی ڕۆژانە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باری لەناکاوی تەندروستیی گشتیی جیهانی ڕاگەیاندووە و کۆنگۆش ناوەندی بڵاوبوونەوەکەیە
جۆرێکی دەگمەنی ئیبۆلا بۆ ماوەی چەندین هەفتەیە بە بێ ئەوەی دەستنیشانبکرێت، بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە، ڤایرۆسی بوندیبوگۆ، هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی تایبەتی نییە، ئەمەش کۆنترۆڵکردنی زۆر قورستر دەکات و پێشبینیدەکرێت لانیکەم بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بێت.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ڕەنگە ئامادەکردنی ڤاکسینێک دژی ئەم جۆرە تایبەتەی ئیبۆلا نۆ مانگ بخایەنێت.
تاوەکو ئێستا لانیکەم 51 حاڵەت لە پارێزگاکانی باکووری کۆنگۆ و دوو حاڵەت لە ئۆگەندا پشتڕاستکراونەتەوە، بەکۆی گشتی 139 حاڵەتی مردنی گوماناوی و نزیکەی 600 حاڵەتی گوماناوی هەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، خێزانێکی ئەمریکی کە لە کۆنگۆ بوون و تووشی ئیبۆلا بوون گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە بەرلین تاوەکو چارەسەر وەربگرن.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا لە کۆنگۆ، سعودیەش ڕێکارەکانی توند کردووەتەوە بۆ ئەو کەسانەی لە وڵاتانی دراوسێی ئەو ناوچانەوە دێن کە ئیبۆلا و هانتای تێدا بڵاوبووەتەوە.




