دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان گرێبەستی پاکتاوکردن لەگەڵ کۆڕەک هەڵدەوەشێنێتەوە

لۆگۆی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم
لۆگۆی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە پابەندییەکان و پاکتاوکردنی قەرزەکانی، گرێبەستی پاکتاوکردنیان لەگەڵ کۆمپانیاکە هەڵدەوەشێننەوە و ڕێکاری یاسایی و ڕێکخراوەیی دژی دەگرێتەبەر.

گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم

دەستەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، بڕیاریانداوە گرێبەستی پاکتاوکردنی قەرزەکانیان کە واژۆکراوە لەگەڵ کۆمپانیا کۆڕەک تیلیکۆم، هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها سەرجەم ڕێکارەکانی ڕابگرێت و ڕێکاری یاسایی و ڕێکخراوەیی دژی کۆمپانیاکە بگرێتەبەر، بەرامبەر موڵک و ماڵی کۆمپانیاکە، بەگوێرەى یاسا کارپێکراوەکان، لەپێناو پاراستنی مافی دەوڵەت، هاوڵاتییان و سامانی گشتی.

کۆڕەک تیلیکۆم پابەند نەبووە بە داواکارییەکانی گرێبەستەکە

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق باس لەوە دەکات، کۆڕەک تیلیکۆم پابەند نەبووە بەو داواکارییانەی لە گرێبەستەکەدا هاتووە، هەرچەندە کاتی پێویستی پێدراوە بەڵام کۆڕەک تیلیکۆم پابەندنەبووە.

داوایەک بۆ بەشداربوانی کۆرەک تیلیکۆم

هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان داوا لە بەکارهێنەرانی کۆڕەک تیلیکۆم دەکات، هەر سکاڵایەکیان هەیە پەیوەندییان پێوەبکەن، کار لەسەر چارەسەر کردنی لێکەوتەکانی ئەو بڕیاریان دەکەن، ئەوەی پەیوەندیدارە بە هاوبەشانی ئەو هێڵە و سەرجەم لێکەوتە یاسایی و داراییەکانی ئەو ڕێکارانەش دەخاتە ئەستۆی کۆڕەک.

هۆشدارییەک بۆ هاوڵاتیان

دەستەکە داوا لە لایەنە فەرمی و نافەرمی و هاوڵاتییان دەکات، هیچ مامەڵەیەک و پابەندی و گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆڕەک تیلیکۆم ئەنجامنەدەن، بەهۆی جێبەجێ نەکردنی بڕگەکانی گرێبەستی پاکتاوکردن و لێکەوتەکانی.