
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ڕەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی 70 ملیار دۆلار بۆ پشتگیریکردنی هەڵمەتەکەی دۆناڵد ترەمپ دژی کۆچبەران پیشاندا. ئەم هەنگاوە وەک سەرکەوتنێکی گەورەی ترەمپ لە یەکێک لە سەرەکیترین بەڵێنەکانی هەڵبژاردنیدا سەیر دەکرێت کە دژایەتیکردنی کۆچی نایاساییە.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ڕەزامەندیدا لەسەر تەرخانکردنی 70 ملیار دۆلار بۆ پشتیوانیکردنی هەڵمەتی دۆناڵد ترەمپ لە دژی کۆچبەران. ئەوەش بە سەرکەوتنی ترەمپ دادەنرێت لە یەکێک لە دیارترین دۆسیەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا.
ئەنجوومەنەکە بە 52 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 47 دەنگی نەخێر لە بەرژەوەندیی پڕۆژەیاساکەدا دەنگیدا، بەبێ پشتیوانیی دیموکراتەکان و بەبێ قەدەغەکردنی "سندووقی بەسیاسیکردنی حکومەت" بە بەهای 1.8 ملیار دۆلار.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، هەریەکە لە ئاژانسی کۆچبەران و گومرگ و پاسەوانی سنوور، تاوەکو کۆتاییهاتنی ویلایەتی ترەمپ پارەی پێویستیان بۆ تەرخان دەکرێت.
دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، بۆ دەنگدان ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت. سەرکردە کۆمارییەکان ئومێدیان وایە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا تێپەڕێت و دواتر ڕەوانەی کۆشکی سپی دەکرێت بۆ ئەوەی ترەمپ واژۆی لەسەر بکات و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت، لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کاتی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ داخرا؛ ئەوەش دوای ئەوەی دیموکراتەکان ڕەتیانکردەوە پشتیوانی لە تەرخانکردنی پارەی زیاتر بکەن بۆ جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکانی کۆچ.
سەرۆکی ئەمریکا سیاسەتی توندی بەرامبەر کۆچبەران بە تایبەتی کۆچبەرانی نایاسایی گرتووەتەبەر؛ ترەمپ چەندین جار کۆچبەرانی نایاسایی بە خەڵکی تاوانکار و خراپەکار داوەتە قەڵەم و جەختی کردووەتەوە، لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پلانی هەیە ملیۆنان کۆچبەر ڕەوانەی وڵاتەکەیان بکاتەوە.



