لەسەر خاکی خانەقین کشتوکاڵ تەنیا سەرچاوەی بژێوی نییە.
ململانێیەکی بەردەوامە بۆ سەلماندنی ناسنامە.
جووتیارانی کورد لەم ناوچەیە، ساڵانێکە باجی سیاسەتى پێشووی تەعریب و بڕیارە بە جێماوەکانی ڕژێمی بەعس دەدەن.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە بیست ساڵ بەسەر ڕوخانی ڕژێمی پێشوو، هێشتا بەشێک لە جووتیارانی کورد لە خانەقین لە مافی کێڵان و چاندنی خاکی باو و باپیرانیان بێبەش دەکرێن.
عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی یاسایی و بڕیارە کۆنەکان، داوای خاوەندارێتی ئەو زەوییانە دەکەنەوە.
جووتیارانی ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە.
هێشتا جووتیاران کۆڵنادەن و لەو کەمە زەوییەی بەدەستیانەوەیە کاری بەرهەمهێنان دەکەن.
دەیانەوێت خانەقین خۆبژێوی کشتوکاڵی تێپەڕێنێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەم گرژییانە جاروبار گۆڕاون بۆ شەڕی دەستەویەخە، خۆپێشاندان و تەنانەت سووتاندنی بەرهەمی گەنم و جۆی جووتیاران. هەرچەندە بڕیار و یاسای جیاواز لە بەغدادوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوو دەرچوون، بەڵام جێبەجێ نەکردنیان لەسەر زەوی، کێشەکەی بە هەڵپەسێردراوی هێشتووەتەوە، بەڵام نزیکن لەوەی بڕیارەکان بگەن بە خاڵی بنبەست و لەبەرژەوەندی جووتیارانی کورد بشکێتەوە.
ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی لە سنووری قەزای خانەقین نزیکەی 500 هەزار دۆنم زەوییەو بە گوێرەی ئاماری ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی خانەقین، زیاتر لە دوو هەزار و 700 پارچە زەوی کشتوکاڵی لە خوارووی خانەقین ڕووبەڕووی هەوڵی دەستبەسەرداگرتن یان گۆڕین بۆ کاری بازرگانی و نیشتەجێبوون بوونەتەوە.




