
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکات و جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و دادپەروەر دەکاتەوە کە لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە بێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری.

سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند کە داواکارییەکانی یەکێتی بۆ باشترکردنی شێوازی حوکمڕانی، لە ڕاستیدا داواکاریی کۆمەڵانی خەڵکە. بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان گەیشتنە بە حکومەتێکی دادپەروەر و بەهێز کە توانای هەبێت بەبێ جیاوازی خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هاووڵاتییان بکات.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتی کردەوە کە پێویستە لە کابینەی داهاتوودا هاوسەنگی و شەراکەتی ڕاستەقینە و پێکەوەیی ببنە بنەمای سەرەکیی کارکردن. بە گوتەی ناوبراو، تەنیا لە ڕێگەی کارکردنی پێکەوەیی و پاراستنی هاوسەنگیی هێزەکانەوە دەتوانرێت حکومەتێکی کارا پێکبهێنرێت کە خزمەتکاری هەموو ناوچەکان بێت بەبێ جیاوازی.







