
لە بارەگایەکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سەیدسادق گرژى و دەمەقاڵێ درووستبووە.
زانیاریى کەناڵ8: هۆکارى شەڕەکە لەسەر هەڵبژاردنى بەرپرسى ناوچەى سوورێن بووە.
قایمقامی سەیدسادق: پۆلیس و ئاسایشمان لە کێشەکە ئاگادارکردووەتەوە.
قایمقامی سەیدسادق: چاودێریى دۆخەکە دەکەین کێشەکە گەورەتر نەبێت.
بە گوێرەى ئەو زانیارییەى سەرچاوەیەکى ئاگادار گەیاندویەتییە کەناڵ8، لە سەیدسادق پارتى دوو ناوچەى هەیە، ناوچەى سەیدسادق لەگەڵ ناوچەى سوورێن، لە کۆنفرانسى لقى 12ـى پارتیدا، عارف محەممەد کاکى بەرپرسى ناوچەى سوورێن بووە بە بەرپرسى لق و لە 22ـى مانگى ئابەوە ناوچەکە بەبێ بەرپرس ماوەتەوە.
هەڵبژاردن بۆ بەرپرسى ناوچەى سوورێن کراوە و دووکەس بەربژێربوون.
یەکێکیان ناوى ئاراس نەجمە، ئەوى دیکەیان ناوى شکار ئەنوەر بووە.
شکار ئەنوەر برازاى عارف محەممەد کاکییە لە هەڵبژاردنەکەدا دەرچووە.
ئاراس نەجم، دەرنەچووە ئەوەش بووەتەهۆى دروستبوونى کێشە لە نێوانیاندا و پەلامارى یەکدییان داوە.
تەقە نەکراوە و هیچ لایەکیش سکاڵاى تۆمار نەکردووە.
ڕەزا محەممەد ئیسماعیل، قایمقامی سەیدسادق: تاوەکو ئێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە.
قایمقامی سەیدسادق: پۆلیس و ئاسایشیان لە کێشەکە ئاگادارکردووەتەوە.
قایمقامی سەیدسادق: چاودێریى دۆخەکە دەکەن بۆ ئەوەى ئاڵۆزتر نەبێت.
بە گوێرەى زانیارییەکان، کێشەکە لە دواى ئەوە سەریهەڵداوە، حاکم فارووق یەکێک لە کارگێڕەکانی لقی 12ـى پارتى بەربژێربووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پاش ئەوەی دەرچووە، شوێنەکەى لە ناو لقدا بەبەتاڵى ماوەتەوە.
پاش سێ مانگ لە ناو لقى پارتى کۆنفرانسێک بەستراوە بۆ پڕکردنەوەى شوێنی ئەو کارگێڕە، عارف محەممەد کاکی، بەرپرسی ناوچەی سورێن بووە، دەرچووە و بۆتە کارگێڕی لق و ناوچەکە بەبێ بەرپرس ماوەتەوە.
هەروەها ناوچەکە کارگێڕیشى نەبووە سەرەتا کۆنفرانسێک بەستراوە کارگێڕەکەیان هەڵبژاردووە لەو هەڵبژاردنەدا، 21 کەس مافی دەنگدانی هەبووە، پاشان لە ناو هەرپێنج کارگێڕەکەدا دوو کەس خۆیان بەربژێر کردووە بۆ بەرپرسی ناوچەی سوورێن، بە گوێرەى ئەنجامى دەنگدانەکە، شکار ئەنوەر بووە بە بەرپرسی ناوچەى سوورێن.
بە گوێرەى زانیارییەکان، لایەنگرانى یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی پارتی ئەنجامى ئەو هەڵبژاردنەیان پێ قبوڵ نەکراوە، بۆیه شەڕ و دەمەقاڵە لە نێوانیان ڕوویداوە و ئۆتۆمبێلی کارگێڕ ناوچەکەیان داوەتە بەر بەرد و شەڕە بۆکس ڕوویداوە، بەڵام هیچ جۆرە چەکێک بەکار نەهاتووە.





