یوسف گۆران: ڕێککەوتنی ساڵانی 1990ـەکانی نێوان ئێران و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان هێشتا نەشکاوە

ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
یوسف گۆران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
یوسف گۆران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتیی یەکێتی باس لە چارەنووسی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لە ئەگەری ڕێککەوتنی تاران و واشنتن؛ ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێککەوتنی کۆن و نوێ بۆ ڕێکخستنی دۆخی ئەو حیزبانە لە ئارادایە و پابەندیی لایەنەکان چارەنووسی هێرشەکان دیاری دەکات.

ڕێککەوتنی زارەکیی ساڵانی نەوەدەکان

یوسف گۆران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵانی 1990ـەکانەوە ڕێککەوتنێکی زارەکی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، پێویستە ئەو حیزبانە هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسی و سەربازی ئەنجام نەدەن، لێپرسراوەکەی یەکێتی جەخت دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستاش ئەو لێکتێگەیشتنە نەشکاوە و بەردەوامی هەیە.

ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران

لەبارەی ڕێکارە یاسایی و ئەمنییەکانەوە، یوسف گۆران ئاماژەی بەوە کرد کە چەند ساڵێک پێش ئێستا ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان عێراق و ئێران واژۆ کراوە. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشێک بووە لەو ڕێککەوتنە کە مەبەست لێی ڕێکخستنەوەی شوێن و دۆخی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتە لە ناوچەکەدا و چوارچێوەیەکی فەرمی بۆ دۆخەکە داناوە.

مەرجی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئێران

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕوونی کردەوە، ئەگەر ئێران لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ساڵانی 1990 و ڕێککەوتنە ئەمنییە نوێیەکە جۆرێک لە متمانەی بۆ دروست ببێت، هێرشەکانی ڕادەگرێت. بە گوتەی یوسف گۆران، کاتێک ئێران ئەو حیزبانە وەک مەترسیی جیددی بۆ سەر ئاسایشی خۆی نەبینێت، ئەوا پاساوێک بۆ بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر بارەگاکانیان نامێنێتەوە.

ژوان نیزام

2 کاتژمێر پێش ئێستا