وەزارەتی پەروەردە: مامۆستایانی گرێبەست مافی خۆیانە مووچەکانیان دابین بکرێت

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی وەزارەتی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

دوای تێپەڕبوونی 2 هەفتە بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران، هێشتا چارەنووسی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست نادیارە؛ وەزارەتی پەروەردەش ڕایدەگەیەنێت بارودۆخە داراییەکە لەلایەن بەغدادەوە فەرز کراوە و ئەوان لە هەماهەنگیدان لەگەڵ دارایی بۆ دابینکردنی شایستەکانیان.

هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی

پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەک وەزارەت لەسەر هێڵن و لە هەماهەنگیی بەردەوامدان لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەوشی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە فەرز کراوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هەبووە.

جەختکردنەوە لەسەر مافی مامۆستایان

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دووپاتی کردەوە کە دابینکردنی مووچە بۆ مامۆستایانی گرێبەست مافێکی سەرەتایی و فەرمیی خۆیانە. ڕایگەیاند کە پێویستە ئەم توێژە شایستە داراییەکانیان بۆ دابین بکرێت و وەزارەتەکەش هەوڵەکانی بۆ ئەو مەبەستە چڕ کردووەتەوە.

دواکەوتنی مووچەی مانگی ئایار

ئەم لێدوانانەی وەزارەتی پەروەردە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 2 هەفتە بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیوە. سەرەڕای ئەوەی زۆربەی چین و توێژەکان مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم هیچ وادەیەکی فەرمیی بۆ دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دیاری نەکردووە.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا