
پارێزگاری کەرکووک لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای چارەسەرکردنی دۆسیەی دامەزراندنی زیاتر لە 7 هەزار پلەی وەزیفی بەشێوەی گرێبەست و جێگیرکردنی 2200 مامۆستای وانەبێژی خۆبەخش دەکات. داواش دەکات بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، ئەم دەرفەتانە بەپێی ڕێژەی 32% لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکەدا دابەش بکرێن.
پارێزگاری کەرکووک داوای چارەسەرکردنی دۆسیەی دامەزراندنی حەوت هەزار پلەی وەزیفی بەشێوەی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگاکە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.
پارێزگاری کەرکووک، محەمەد سەمعان ئاغا، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە لە 22ی حوزەیرانی 2026 ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە، داوا دەکات دۆسیەی دامەزراندنی حەوت هەزار پلەی وەزیفی بە گرێبەست لە پارێزگاکە بەگوێرەی پێویستیی بەڕێوەبەرایەتییە فەرمییەکانی کەرکووک، یەکلا بکرێتەوە کە زیاتر لە 7304 پلەیە و لە ئیدارەکانی پێشوودا یەکلایی نەکراوەتەوە.
محەمەد سەمعان ئاغا لەبارەی چارەنووسی وانەبێژانی خۆبەخشەوە داوا دەکات، 2200 مامۆستای وانەبێژی خۆبەخش لە پەروەردەی کەرکووک لەو حەوت هەزار دامەزراندنەدا لەناو بودجەی ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوودا جێگە بکرێنەوە و وەزارەتی دارایی لێ ئاگادار بکرێتەوە.
لە نووسراوەکەی پارێزگاری کەرکووکدا داوا کراوە کە دەرفەتی کار و دامەزراندنەکان بەگوێرەی ڕێژەی 32% لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووکدا دابەش بکرێت بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و هاوبەشیی نیشتمانی.