
دادگای باڵای ئەمریکا لە چەند بڕیارێکی نوێدا دەسەڵاتی فراوانی بە ئیدارەی ترەمپ بەخشی بۆ توندکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی کۆچبەری، کە تێیدا ڕێگە بە دەرکردنی ملیۆنان کۆچبەر و گەڕاندنەوەی پەنابەران لەسەر سنوورەکان دەدات و چەندین مافی پێشووی کۆچبەرانی هەڵوەشاندووەتەوە.
دادگای باڵای ئەمریکا، چەند بڕیارێکی یاسایی لە بەرژەوەندیی ڕێوشوێنەکانی ئیدارەی ترەمپ، بۆ سنووردارکردنی کۆچبەری دەرکرد.
بڕیارەکانی دادگای باڵا، ڕێگە بە ئیدارەی ترەمپ دەدات، ملیۆنان کۆچبەر دەربکات کە بە شێوەیەکی یاسایی لە ئەمریکا ژیاون، هاوکات ئیدارەکە دەتوانێت سیاسەتێک زیندووبکاتەوە کە ڕێگری لە کۆچبەران دەکات لە چوونە ناو ئەمریکا بۆ داواکردنی پەنابەری.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ڕێگە بۆ ترەمپ خۆش دەبێت تاوەکو ئەو پارێزگارییە مرۆییە کاتییانە هەڵبوەشێنێتەوە کە ڕێگە بە سەدان هەزار کۆچبەری هایتی و سووریا دەدات لە ئەمریکا بمێننەوە، چونکە بارودۆخی وڵاتەکانیان بە زۆر مەترسیدار دادەنرێت بۆ گەڕانەوەیان.
پێشبینی دەکرێت بڕیارەکە کاریگەریی زیاتری هەبێت و نزیکەی 1.3 ملیۆن کۆچبەری 17 وڵات بگرێتەوە کە خاوەنی دۆخی پارێزراوی کاتیین و ڕێگەیان پێدراوە لە ئەمریکا بژین و لە هەندێک بارودۆخیشدا کار بکەن.
دادوەرەکان لەبارەی مافی پەنابەری لەسەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک بڕیاریان دا، ئەو پەنابەرانەی دەگەنە سنووری ئەمریکا و مەکسیک، مافی ئەوەیان نییە داوای پەنابەری بکەن، تاوەکو دەچنە ناو وڵاتەکەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە کارمەندانی سنوور دەتوانن پەنابەران لەسەر سنوور بگەڕێننەوە.
پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا، دادگا بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مافی بە هاووڵاتیبوون بەپێی شوێنی لەدایکبوون بدات، کە بە یاسا هەر منداڵێک لە ئەمریکا لەدایکبێت، هاووڵاتیی ئەمریکییە.
هەفتەی ڕابردووش، دادگا ڕێگەی بۆ ئیدارەی ترەمپ خۆشکرد، تاوەکو ڕێگری لە چوونەژوورەوەی هەڵگرانی گرین کارد بۆ ناو ئەمریکا بکات.





