
ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری کاروباری زیندانییانی سیاسی ، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ سەرۆککۆمارى عێراق کۆبووینەوە و پاڵپشتى گواستنەوەى دۆسییەى زیندانیانى سیاسى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد دەکات تا مینحەکانیان هاوتاى زیندانیانى سیاسیی عێراق بکرێت.
بەگوێرەى ڕاگەیەندراوى سەرۆکایەتى کۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە 29ـى حوزەیران نزار ئامێدی سەرۆککۆمارى عێراق لەکۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لەعەبدوڵڵای حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە هەوڵەکانی پاراستنی مافەکانی زیندانیانی سیاسی و بەرز ڕاگرتنی قوربانییەکانیان کردووە . سەرۆک کۆمار جەختیکردووەتەوە، لە گرنگیدان بەپێداویستییەکانی ئەم توێژەی کۆمەڵگە ودوپاتیشیکردەوە، کەچاودێریکردنی خێزانەکانیان بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و پێویستی بەهەوڵی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمى کوردستان هەیە.
لەبارەى کۆبوونەوەکەوە، ئەحمەد مام ڕەسوڵ ، بەڕێوەبەری کاروباری زیندانییانی سیاسی ، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، سەرۆککۆمارى عێراق سەرەڕاى ئەوەى پاڵپشتى مافى زیندانیانى سیاسى و کەسوکارى ئەنفالکراوانە، هاوکات پاڵپشتى هەنگاوەى گواستنەوەى دۆسییەى زیندانیانى سیاسی بۆ سەر دەستەى زیندانییانى سیاسى عێراق کرد.
گوتیشى" سەرۆککۆمار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرى دارایی عێراق لەبارەى گواستنەوەى دۆسییەى زیندانیانى سیاسى گفتوگۆى کردووە تاوەکو لە بودجەى ساڵى 2027 تەرخانى دارایی بۆ زیندانیانى سیاسیی هەرێمى کوردستان دابین بکرێت".
ئەوەشى دووپاتکردەوە، پاڵپشتى و هەنگاوەکانى سەرۆککۆمار بەرزدەنرخێنین کە ماف و شایستەى دارایی زیندانیانى سیاسیی هەرێمى کوردستان و سەرجەم ئەوانەى قوربانیان داوە پارێزراو بێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەى ڕۆژى شەممە وەزیرى شەهیدیان و کاروبارى ئەنفالکراوان، لەگەڵ بەڕێوەبەرى خزمەتگوزارى کاروباری زیندانییانی سیاسی و ڕزگاربووانی ئەنفال چوونە بەغداد و دۆسییەى 25 هەزار و 868 زیندانى سیاسییان گەیاندە دەستەى زیندانیانى سیاسى عێراق تا مینحەکانیان هاوتاى بەغداد بکرێت.