کۆمیسیۆنى ڕاگەیاندن: ڕێکارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کۆڕەک تیلیکۆم تەواوکراون
سەرۆکی کۆمیسیۆنى ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، ڕێکارە یاساییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم تەواوکراون و بەمەبەستی بەهێزکردنی کێبڕکێ سەرقاڵى ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاون بۆ هێنانی کارپێکەرێکی نیشتمانی نوێ بۆ بازاڕی پەیوەندییەکان.
پاراستنی مافەکانی دەوڵەت و بەرژەوەندی گشتی
بەليغ ئەبو کەلەل، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێک لە ڕێوڕەسمى کردنەوەی کارەکانی لووتکەی گەیاندنی عێراق، ئاماژەى بەوەکرد، کۆمیسیۆنەکە ڕێکارە یاسایی و ڕێکخراوەییەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بەگوێرەى یاسا و بڕیارە کارپێکراوەکان تەواو کردووە، بەشێوەیەک کە مافەکانی دەوڵەت و بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت و متمانە بە کەرتی گەیاندن و بازاڕی عێراق بەهێز بکات.
تەماشاکردنی داهاتووی بازاڕی گەیاندن لە گۆشەیەکی دیکەوە
گوتیشى، کۆمیسیۆنەکە لە گۆشەیەکی فراوانترەوە تەماشاى داهاتووی بازاڕی گەیاندن دەکات، کە لەسەر بنەمای بەهێزکردنی کێبڕکێ و قۆرخنەکردنی لەلایەن دوو کۆمپانیاوە دامەزراوە.
مۆڵەت بە کۆمپانیەکی نوێ و ئامادەکردنی ژینگەیەکی گونجاو
جەختیشى لەسەر بەردەوامبوون لە ئامادەکردنی ژینگەی گونجاو بۆ خستنەکارى کارپێکەرێکی نیشتمانی نوێ بۆ ناو بازاڕ و تەواوکردنی ڕێکارەکانی پەیوەست بەو مۆڵەتەی بە کۆمپانیای سەلام دراوە، بەگوێرەى ڕێڕەوە یاساییەکان، کردەوە.
لایەنگری هیچ کۆمپانیایەک ناکەن لەسەر حسابی کۆمپانیایەکی دیکە
ئاماژەى بەوەش کرد، کۆمیسیۆنەکەیان لایەنگریی هیچ کۆمپانیایەک ناکات لەسەر حیسابی کۆمپانیایەکی دیکە، بەڵکو کار بۆ پاراستنی بنەماکانى کێبڕکێی دادپەروەرانە و گرەنتیکردنى پابەندبوون بە ڕێسا ڕێکخراوەییەکان دەکات.
هێنانی دیاترین تەکنەلۆجیای نوێ
گوتیشى، عێراق بەردەوامە لە تەواوکردنی ڕێکارە پێویستەکان بۆ هێنانی یەکێک لە دیارترین تەکنەلۆجیا نوێیەکانی پەیوەندی بۆ بازاڕی عێراق، بەجۆرێک کە لەگەڵ گەشەسەندنە جیهانییەکان بگونجێت و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بپارێزێت.
کۆمیسیۆنى ڕاگەیاندن و گەیاندن لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە ڕێکارەکانی بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم توندتر کردەوە و بەهۆى تۆمەتبارکردنى کۆمپانیاکە بە پابەندنەبوون بە یاسا و گرێبەستەکان سزاى کۆمپانیاى کۆمپانیاکەی دا.
01/07/2026