دادگا: فێڵبازان دۆسییەى عەدنان جومەیلی بۆ سەرانەوەرگرتن لە بازرگانان دەقۆزنەوە

شۆڕش محەمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دادوەر زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستپاکی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی
دادوەر زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستپاکی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی

دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق هۆشداری دەداتە بازرگانان و هاووڵاتییان کە نەکەونە داوی ئەو فێڵبازانەی بەناوی دۆسیە یاساییەکانەوە هەوڵی وەرگرتنی پارە و سەرانە دەدەن.

قۆستنەوەی دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت

دادوەر زیا جەعفەر، دادوەریی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی ڕایگەیاند، هەندێک کەسی فێڵباز و سەرانەوەرگر لە لایەنی فەرمی و نافەرمی هەوڵ دەدەن ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە تۆمەتبار "عەدنان جومەیلی"، بریکاری وەزارەتی نەوت بقۆزنەوە. ئەم کەسانە لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە بازرگانانەوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناوی ئەو بازرگانانە لە لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە و داوای پارەیان لێ دەکەن.

ئاگادارکردنەوەیەک بۆ بازرگانان و هاووڵاتییان

دادگا داوا لە هاووڵاتییان و بەتایبەتی بازرگانان دەکات کە بڕوا بەم جۆرە درۆ و بانگەشانە نەکەن. جەختیش دەکاتەوە کە نابێت هیچ جۆرە سەرانە و پارەیەک بدەنە ئەو کەسانە، هەروەها داوا دەکات لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیەدا، بەزووترین کات دادگا ئاگادار بکەنەوە تاوەکو ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر.

بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست لە میدیاکانەوە

سەرۆکی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کرد، تێبینی چەند تۆمار و چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنی لە ژمارەیەک کەناڵی ئاسمانی کراوە کە تێیدا زانیاری نادروست دەربارەی لێکۆڵینەوەکان خستووەتە ڕوو. دادوەر زیا جەعفەر ڕایگەیاند کە زۆربەی ئەو زانیارییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە و تەنیا بۆ شێواندنی ڕاستییەکانن.

ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران

دادگا جەختی کردەوە کە توندترین ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگرێتە بەر کە ئەم کردەوانە ئەنجام دەدەن. دادوەر زیا جەعفەر دووپاتی کردەوە، ڕێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک کار و ماندووبوونی دادگا، حکومەت و دەزگاکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بشێوێنن و ڕێڕەوی یاسا بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاربهێنن.

شۆڕش محەمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا