پاپای ڤاتیکان داوا لە ئەورووپا و ئەمریکا دەکات کۆچبەران بپارێزن

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان لە کاتی  سەردانەکەیدا بۆ دوورگەی لامپێدوسای ئیتالیا. فۆتۆ: AFP
لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ دوورگەی لامپێدوسای ئیتالیا. فۆتۆ: AFP

لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان لە سەردانێکیدا بۆ دوورگەی لامپێدوسای ئیتالیا، داوای لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا کرد هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی کۆچبەران و بەرزڕاگرتنی شکۆی مرۆڤایەتی چڕ بکەنەوە. پاپا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیجیی درێژخایەندا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی کۆچبەران ببنەوە و کۆتایی بە دڕندەیی قاچاخچییەکان بهێنن.

سەردانی پاپا بۆ گۆڕستانی کۆچبەران لە ئیتالیا

لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان لەبارەی پێویستیی پاراستنی کۆچبەرانەوە داوای لە ئەورووپا و ئەمریکا کرد هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە. پاپا سەردانی گۆڕستانی کۆچبەرانی لە دوورگەی لامپێدوسای ئیتالیای کرد، کە بووە بە هێمای کارەساتباری ئەو کۆچبەرانەی هەوڵ دەدەن بە دەریای ناوەڕاستدا بپەڕنەوە بۆ ئەورووپا.

نوێژکردن لە گۆڕستانی کۆچبەران

پاپا لە گۆڕستانی کۆچبەرانی ئەو دوورگەیە نوێژی کرد و ڕێوڕەسمێکی بۆ ڕێزلێنان لە دانیشتووانی دوورگەکە و نوێترین ئەو کۆچبەرانەی ڕوویان لە دوورگەکە کردووە، ڕێکخست.

پەیامی پاپا بۆ ئەمریکا و ئەورووپا و یادکردنەوەی بەها مرۆییەکان

لە کۆتایی سەردانەکەیدا پاپای ڤاتیکان پەیامێکی بەهێزی بۆ ئەمریکا و ئەورووپا نارد، سەبارەت بە پابەندبوونیان بە ئایینی کریستیان، بەتایبەتیش بەرزڕاگرتنی شکۆی مرۆڤایەتی و کۆچبەر و لاوازەکان، لە هەمان کاتدا وەک کەسێک کە لەدایکبووی ئەمریکایە، لە یادی 250 ساڵەی دامەزراندنیدا بەهاکانی دامەزرێنەرانی ئەمریکای وەبیر دەسەڵاتدارانی ئێستا هێنایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا لەلایەن کۆچبەرانەوە دامەزراوە.

پەیوەندیی نێوان پاراستنی ژیانی مرۆڤایەتی و کۆچبەران

لیۆی چواردەیەم لەبارەی پاراستنی ژیانی مرۆڤایەتییەوە لە پەیامێکدا پێداگری لەسەر ئەوە کرد، کە پاراستنی منداڵە لەدایک نەبووەکان و ژیانی مرۆڤایەتی بە واتای پێشوازیکردن و پاراستن و هاوکاریکردنی کۆچبەران دێت.

ڕەخنەگرتن لە مامەڵەی دڕندانەی قاچاخچییەکان لەگەڵ کۆچبەران

لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان لەبارەی قوربانیانی دەستی قاچاخچییەکانەوە باسی ئەوەی کرد، "لێرەدا هەزاران مرۆڤ کەوتوونەتە دەست قاچاخچییەکان، هەموو شتێکیان لێ وەرگرتوون و بە شێوەیەکی دڕندانە نیوەیان لە دەریادا بە خنکاوی بەجێ هێشتوون، دەریا ڕێگر بوو لە گەیشتنی ئەو کۆچبەرانە بە شوێنی مەبەستیان، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە بوونیان دەکەین."

ئاڵنگارییەکانی کۆچ و بەرپرسیارێتیی وڵاتانی ئەورووپا

پاپای ڤاتیکان لەبارەی ئاڵنگارییەکانی کۆچکردن بۆ کۆمەڵگە ئەورووپییەکان ڕوونی کردەوە، "لەم گۆشە دوورەی ئەورووپا لەسەر دەریای ناوەڕاست، مرۆڤ دەتوانێت ڕوونتر هەست بەو ئاڵنگارییە گرنگە بکات کە دیاردەی کۆچکردن بۆ کۆمەڵگە ئەورووپییەکانی دروست کردووە، لەم ڕووەوە ئەورووپا خاوەن توانایەکی ناوازەیە، کە لە مێژوو و کولتوورەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوەش دەیخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مەزن، پێویستە هەوڵەکان لە پلانێکی ستراتیجیی درێژخایەندا تێکەڵ بکرێن بۆ وەرگرتن، پاراستن، پشتگیریکردن و یەکخستنی کۆچبەران، لە هەمان کاتدا هاوکاریی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بکەن بۆ ئەوەی کەس ناچار نەبێت کۆچ بکات."

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا