
لە هەوڵێکی قاچاخچێتی و فێڵکردن لە باجی دەوڵەت، بڕی 40 ملیۆن دینار لە فەوتان ڕزگارکرا و دەستەی دەروازە سنوورییەکان ڕێگری لە پلانەکە کرد.
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، توانیویانە ڕێگری بکەن لە بەهەدەردانی بڕی 40 ملیۆن و 509 هەزار دینار. ئەم هەوڵەی دەستەکە لەڕێگەی چاودێریکردنی وردی ئەو بارانەوە بووە کە دەویسترا بە گۆڕینی ڕەگەزەکەیان، باجێکی کەمتریان لێ وەربگیرێت.
لە دەروازەی مونزرییەی سنووری، دوو باری گەورە ڕێگرییان لێکراوە تێپەڕببن. ئەو بارانە کێبڵی کارەبایان تێدابووە، بەڵام بۆ ئەوەی بڕی باجەکەی کەمبکرێتەوە، ڕەگەزی بارەکەیان گۆڕیوە و بە ناوی "مس" تۆماریان کردووە، چونکە باجی مس کەمترە لە کێبڵی کارەبا.
دوای ئەوەی لیژنەیەکی تایبەتمەند دەستی بەسەر بارەکەدا گرت، پشکنین و بەدواداچوونی وردی بۆ کرا. دەرکەوت کە بڕی 40 ملیۆن و 509 هەزار دینار لە داهاتی دەوڵەت خەریکبووە بە هەدەر بچێت. شۆفێرەکان ویستوویانە بە قاچاخ و گۆڕینی ناوی کاڵاکان، ئەو بڕە پارەیە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بگێڕنەوە و نەیدەن بە گومرگ.
دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوو شۆفێرەکە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی کراونەتەوە. هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران بۆ پتەوکردنی چاودێری لە سەرجەم دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و فێڵکردن لە داتا گومرگییەکان، بەو ئامانجەی داهاتی گشتی پارێزراو بێت و داهاتی دەوڵەت زیاد بکات.





