
له پەرەسەندنێکی نوێی ئەمنیدا، کەشتییەکی نەوتیی بازرگانیی سەر بە کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی، لە کاتی ڕۆیشتنی بەرەو تێرمیناڵێکی سەرەکیی ڕووسیا لە دەریای ڕەشدا بۆ بارکردنی نەوتی خاو، لەلایەن درۆنێکی نەناسراوەوە کرایە ئامانج، بەڵام هێرشەکە زیانی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکەش بەردەوامە.
کەشتییەکە سەر بە کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکییە، بەرەو ناوچەی یەکێتیی بۆریی دەریای قەزوین لە نزیک بەندەری نۆڤۆرۆسیسک لە دەریای ڕەشی لە کەناراوەکانی ڕووسیا دەڕۆیشت، کۆمپانیاکە لەبارەی سەلامەتیی تاقمەکەیان و هەناردەی نەوتەوە ڕایگەیاند، ئاگاداری هێرشەکەن، تاقمی کەشتییەکە سەلامەتن و کاریگەری لەسەر هەناردەکانی کازاخستان نەبووە.
یەکێتیی بۆریی دەریای قەزوین یان سی پی سی کە بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی کازاخستان لە خاکی ڕووسیاوە، گرنگییەکی زۆری بۆ بازاڕی وزەی جیهانی هەیە، چونکە نزیکەی 80%ـی هەناردەی نەوتی خاوی کازاخستان بەڕێوە دەبات.
ئۆکرانیا لە سەرەتای جەنگەکەیەوە لە ساڵی 2022، چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی هێڵی بۆری کاسپیان و ئەو کەشتییانەی کە نەوتیان لە ناوچەی دەریای ڕەشدا هەڵگرتووە.
بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێی لەسەر ئەم هێرشانە نەداوە، لەکاتێکدا ژێرخانی وزەی ناوخۆی ڕووسیای کردووەتە ئامانج بۆ گوشارخستنە سەر ئابووریی مۆسکۆ.
.jpg)