دەستەی دەستپاکی عێراق: دزینی کەرەستەی کارەباییمان بە بڕی زیاد لە 2 ملیار دینار لە دیالە ئاشکرا کرد

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆمپانیاى گشتى دابەشکردنى کارەبا لە ناوەڕاستى عێراق لقى دابەشکردنى کارەباى دیالە
کۆمپانیاى گشتى دابەشکردنى کارەبا لە ناوەڕاستى عێراق لقى دابەشکردنى کارەباى دیالە

ئاشکراکردنی دۆسیەیەکی گەورەی دزیکردن

دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، توانیویانە دزییەکی گەورە لە پارێزگای دیالە ئاشکرا بکەن کە بڕەکەی زیاترە لە 2,000,000,000 (دوو ملیار) دینار. ئەم دزییە لە کەرەستە و ئامێرە کارەباییەکاندا کراوە کە لەسەر بودجەی دەوڵەت کڕدراون و دواتر بێسەروشوێن کراون.

شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکە

تیمێکی تایبەتی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە چوونەتە کۆمپانیای گشتی دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکە و وردبینییان بۆ بەڵگەنامەکانی ساڵانی 2022 تاوەکو 2025 کردووە. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ژمارەیەک کەرەستەی کارەبایی کە کڕدراون، بە هیچ شێوەیەک داخڵی کۆگاکانی کۆمپانیاکە نەکراون، بەڵام ئەو کەسانەی سەرپەرشتیار بوون لەسەر کاغەز واژۆیان کردووە کە کەرەستە و ئامێرە کارەباییەکانیان وەرگرتووە.

دەستگیرکردنی تۆمەتباران

بەهۆی ئەم بەدواداچوونانەوە، 4 (چوار) فەرمانبەری کۆمپانیای گشتی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگای دیالە دەستگیرکراون. ئەم فەرمانبەرانە تۆمەتبارن بەوەی بە ئەنقەست کەرەستەکانیان داخڵی کۆگا نەکردووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە، بەو هۆیەشەوە بڕی زیاد لە 2,000,000,000 (دوو ملیار) دینار زیان بە دەوڵەت گەیشتووە.

ڕێکارە یاساییەکان و وردبینی

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێداچوونەوە بە ئامارەکانی کۆمپانیای گشتی دابەشکردنی کارەبا بە ئامادەیی نوێنەرانی خودی کۆمپانیاکە ئەنجامدراوە تاوەکو ڕاستی و دروستیی دۆسیەکە بسەلمێنرێت. ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەر چوار تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادگا کراون تاوەکو ڕێکاری یاسایی توندیان لەبەرامبەر بگیرێتەبەر.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا