لە دیوانییە ژمارەیەک بەرپرسى بانکى ڕافیدەین بە تۆمەتى دزینى 1.6 ملیار دینار دەستگیرکران
ئێوارەى ڕۆژى پێنجشەممە لە پارێزگاى دیوانییە، هێزە هاوبەشەکانى دەستەى دەستپاکى و هێزەکانى سوات، ژمارەیەک بەرپرسى بانکى ڕافیدەینیان دەستگیرکرد کە تۆمەتباربوون بە سپیکردنەوە و دزینى پارە لە بانکەکە.
دزیەکەى ئەمجارە جیاوازە
بە گوێرەى هەواڵى میدیا عێراقییەکان، دزییەکانى ئەمجارە جیاوازبووە لەوانەى پێشتر، تۆمەتبارەکان پێکەوە تۆڕێکیان لەناو بانکەکە دروستکردووە، ڕێککەوتوون دراوى جۆرى 50 هەزار دینارى لە بانکەکە بە دراوى جۆرى هەزار دینارى تۆماربکەن و ئەوەى دەمێنێتەوە بیبەن، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە بەو ئاڵوگۆڕە، یەک ملیار و 600 ملیۆن دینار دزراوە، واتە هەر ٥٠ هەزار دینارییەک 49 هەزار دیناریان بۆخۆیان بردووە.
دزییەکان هەر لە فیلمە بەناوبانگەکانى جیهان بینراوە
لە پاش ڕاگەیاندنى هەڵمەتى بەرەبەیان لەلایەن حکومەتەکەى زەیدى لە بەرەبەیانى 26ـى حوزەیران دەستگیرکردنى تۆمەتبارانى دزینى سامانى گشتى بەردەوامە، تاوەکو ئێستا چەند جۆر و شێوازێکى بردنى سامانى گشتى ئاشکراکراوە مەگەر لە فیلمە بەناوبانگەکانى جیهان بینرابێت، بۆیە هەڵمەتەکە پشتیوانییەکى تەواوى شەقامى عێراقى بەدەستهێناوە و زۆرینەى لایەنە سیاسییەکانیش پشتیوانیی دەکەن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا