
بەگوێرەی داتاکانی خودی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کابینەی نۆیەمدا جیاوازییەکی بەرچاو لە تەرخانکردنی بودجە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەنێوان شارەکاندا هەبووە، بەشێوەیەک زۆرینەی بودجەکە بۆ سنووری هەولێر و دهۆک بووە.
بەپشتبەستن بە نامیلکەی "پوختەیەک لە پڕۆژەکانی کابینەی 9 بە داتا" کە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لەم کابینەیەدا بڕی 4,263,700,000,000 (چوار تریلیۆن و 263 ملیار و 700 ملیۆن) دینار بۆ پڕۆژەکانی سنووری هەولێر، دهۆک، سۆران و زاخۆ خەرج کراوە. ئەم بڕە پارەیەش 67.48%ـی کۆی گشتیی ئەو بودجەیە پێکدەهێنێت کە بۆ پڕۆژەکان تەرخان کراوە.
لە بەرامبەردا، بۆ پڕۆژەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، بڕی 2,055,800,000,000 (دوو تریلیۆن و 55 ملیار و 800 ملیۆن) دینار خەرج کراوە. ئەم بڕە پارەیەش تەنیا 32.52%ـی کۆی گشتیی خەرجیی پڕۆژەکانە لە هەردوو سنوورەکەدا، کە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ ناوچەکانی دیکە نیشان دەدات.
بەپێی داتا فەرمییەکان، کۆی گشتیی پارەی خەرجکراو بۆ پڕۆژەکان لە هەردوو سنوورەکەدا گەیشتووەتە 6,318,800,000,000 (شەش تریلیۆن و 318 ملیار و 800 ملیۆن) دینار. ئەم ئامارانە دەیسەلمێنن کە کابینەی نۆیەم لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و دابەشکردنی بودجەدا جیاوازیی لەنێوان پارێزگاکاندا کردووە و بە یەک چاو تەماشای هەموو شارەکانی نەکردووە، بەڵکو پارەیەکەی زۆر کەمتری بۆ سنووری سلێمانی و دەوروبەری خەرج کردووە.
