سپەیس ئێکس دەیەوێت بە فەرمی خزمەتگوزاری ستارلینک لە هەرێمی کوردستان کارا بکات

دانیار فاروق 3 کاتژمێر پێش ئێستا
سپەس ئێکس دەیەوێت بە فەرمی خزمەتگوزاری ستارلینک لە هەرێمی کوردستان کارا بکات
سپەس ئێکس دەیەوێت بە فەرمی خزمەتگوزاری ستارلینک لە هەرێمی کوردستان کارا بکات

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان وردەکاریی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ستافی کۆمپانیای (SpaceX) ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکان بۆ هێنانی ئینتەرنێتی ستارلینک بۆ کوردستان چوونەتە قۆناغێکی نوێوە.

داواکاریی کارکردن و دەستپێکی کۆبوونەوەکان

لە سەرەتای مانگی 6ی ئەمساڵدا، کۆمپانیای (SpaceX) داواکارییەکی فەرمی پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی ڕێگەی پێ بدرێت خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک لە سنووری هەرێم کارا بکات. دوای گۆڕینەوەی چەندین نامەی ئەلیکترۆنی، ڕۆژی 30-06-2026 کۆبوونەوەی فەرمی لە نێوان ستافی تەکنیکی وەزارەت و ستافی پسپۆڕی سپەیس ئێکس ئەنجام دراوە.

مەرجەکانی هەرێم و ڕێکارە تەکنیکییەکان

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزارەتی گواستنەوە مەرج و ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ نوێنەرانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە خستووەتەڕوو. جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە کارکردنی ئەم سیستمە بە جۆرێک بێت کە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان بپارێزێت و لەگەڵ ڕێنماییە تەکنیکییەکانی وەزارەتدا بگونجێت.

هەنگاوێک بەرەو فرەچەشنیی ئینتەرنێت

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ستارلینک یەکێکە لە خزمەتگوزارییە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهان لە بواری گەیاندن. چالاککردنی ئەم خزمەتگوزارییە دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی فرەچەشنی لە بازاڕی ئینتەرنێت و هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە تەکنەلۆژیایەکی نوێ وەربگرن.

هەوڵە هاوشێوەکان لەگەڵ بەغداد

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ 8، تەنیا هەرێمی کوردستان نییە کە کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسک چاوی تێبڕیوە، بەڵکو شاندێکی سپەیس ئێکس لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش لە بەغداد کۆبوونەتەوە. ئامانجی ئەو کۆبوونەوانە واژۆکردنی گرێبەستێکی هاوشێوەیە بۆ ئەوەی ئینتەرنێتی ستارلینک بە شێوەیەکی فەرمی لە تەواوی عێراقدا دەست بەکار بێت.

دانیار فاروق

3 کاتژمێر پێش ئێستا