
دەستەى دەستپاکیى عێراق دەستگیرکردنى بەرپرسێکى لە کۆمپانیاى دابەشکردنى کارەبا لە بەغداد ڕاگەیاند کە تۆمەتبارە بە دزینى کەرەستەى کارەبایى بە بەهاى 4,5 ملیار دینار.
دەستەى دەستپاکى لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، تیمێکی وردبینی و لێکۆڵینەوەى دەستەکە چوونەتە وەزارەتی کارەبا و دوای ئەنجامدانی وردبینی دەرکەوتووە کە بەرپرسی کۆگاکانی سەر بە لقی دابەشکردنی کارەباى ڕەسافە دەستی گرتووە بەسەر کێبڵى کارەبایى بە بەهاى چوار ملیار و 406 ملیۆن دینار.
دەستەکە ڕوونیدەکاتەوە، پڕۆسەکە لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەر لە دادگای تاوانەکانی دژە گەندەڵی ناوەندی و بەگوێرەى ماددەی (315) لە یاسای سزادانی عێراقی ئەنجام دراوە.
جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کۆنووسێکی دەستبەسەرداگرتنی یاسایی ڕێکخراوە و لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا ڕادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراوە، هەروەها بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بڕیاری ڕاگرتنی تۆمەتبارەکە دراوە.





