
داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق پاشەکشەیەکی مەترسیدار لە بڕی پارەی نەختینەی دینار دەردەخەن، کە لە ماوەی تەنیا چوار مانگدا زیاتر لە تریلیۆنێک دینار لە گەنجینەکان کەمی کردووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بڕی پارەی نەختینە لە گەنجینەکاندا لە کۆتایی ساڵی 2025 بڕی 1.907 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵدا بۆ 566 ملیار دینار دابەزیوە. ئەمەش بەواتای کەمبوونەوەی 1.341 تریلیۆن دینار و دابەزینی ڕێژەی 70%ـی پارەی نەختینە دێت.
داتاکان دەریدەخەن کە پاشەکشەی نەختینەی دینار بەم شێوەیە لە مانگەکاندا دابەزیوە:
کانوونی دووەم: 1.524 تریلیۆن دینار.
شوبات: 1.005 تریلیۆن دینار.
ئازار: 849 ملیار دینار.
نیسان: 566 ملیار دینار.
سەرەڕای ئەم پاشەکشە گەورەیەی نەختینە، نرخی فەرمیی خەرجکردنی دۆلار لە ئاستی 1300 دیناردا جێگیر ماوەتەوە. هاوکات لە هەمان ماوەدا، تێکڕای هەڵاوسان لە عێراق لە 0.9%ـەوە بۆ 1.7% بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی گۆڕانکارییە لە هێزی کڕیندا.
چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشت ئەم دابەزینە مەترسیدارەوەن، کە دیارترینیان بریتین لە: زیادبوونی خەرجییەکانی حکومەت و تەرخانی مووچە، دیاردەی هەڵگرتنی پارە لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە دەرەوەی سیستمە بانکییەکان، کەمبوونەوەی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی، لەگەڵ هەبوونی کورتهێنانی دارایی و زیادبوونی قەرزە ناوخۆییەکان.

