
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ڕێکارەکانی مۆڵەتی هاوردەکردنی لە ڕێگەی سێ سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە ئاشکرا کرد و جەخت لەوە دەکاتەوە ڕۆژمێری کشتوکاڵی ڕێگری لە هاوردەکردنی 33 جۆر بەرهەم کردووە.
قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتەکە لەبارەی ڕۆژمێری کشتوکاڵییەوە ڕایگەیاند، پشت بە ڕۆژمێری کشتوکاڵی دەبەستن کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی 33 جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی لەخۆدەگرێت کە لە ناوخۆدا بەردەستن.
قوسەی حەتاب لەبارەی پشتیوانیکردنی جووتیارانەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرهەمی ناوخۆ بە ڕێگریگرتن لە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی ڕکابەری دەکەن و پشتیوانیی جووتیاران دەپارێزرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هاوسەنگی لە بازاڕدا، بەتایبەتی لەسەر ئاستی نرخ.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکانی هاوردەکردنەوە گوتی، وەزارەتی کشتوکاڵ هێشتا پابەندە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 23110ـی ساڵی 2023 کە تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی هاوردەکردن بۆ زۆربەی ئەو کاڵا و شتومەکانەی لە دەروازە سنوورییەکانەوە دێن، جگە لە 14 ماددە کە بەهۆی هۆکاری ئەمنی، تەندروستی یان بەکارهێنانی دوولایەنە سنووردارکراون و پێویستیان بە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە، لەوانە: ئاژەڵی زیندوو، دەرمانی ڤێتێرنەری، تۆو و بنەتۆ، و ماددە قڕکەرەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی شێوازی دەرکردنی مۆڵەتەکانەوە ڕوونی کردەوە، مۆڵەتەکانی هاوردەکردن دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار، لە ڕێگەی سێ سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە دەردەچن.
ئەو بەروبووم و ماددانەی کە بەگوێرەی ڕۆژمێری کشتوکاڵی هاوردەکردنیان قەدەغەکراوە بریتین لە تەماتە، پەتاتە، باینجان، کاهوو، قەڕنابیت، کەلەرم، شێلم و چەوەندەر، هێلکەی خواردن، مریشک (فرێش، بەستوو و پارچەکانی)، گۆشتی قیمەکراو بە هەموو جۆرەکانییەوە، خورما، مانگۆ، سێو، ترێ، هەموو جۆرەکانی مزرەمەنی (لیمۆ، پرتەقاڵ و هتد)، هەنگوینی سروشتی، نەمام و پارچەکانی داری زەیتوون، قامیشی شەکر، پڕۆتینی ئاژەڵی و بەزی مەڕی دەستکاریکراو.