
بەزمى کارەباى عێراق نابڕێتەوە، نەک ملیۆنان بەڵکو تریلیۆنان دیناریش خەرجکراوە کەچى چەند کاتژمێرێک کارەبا هەیە، وەزیر لە کۆبوونەوەیەکدا ژمارەیەکى خستووەتەڕوو، هێندە زۆر بووە پەرلەمانتارەکان پێکەنینیان هاتووە.
هەڵۆ جەباری، ئەندامی لیژنەی کارەبا و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوو میواندارى وەزیرى کارەبا کرا بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق وەزیرى کارەبا گوتى دوو مانگە لەم پۆستەدام و بەدواداچوون بۆ سەرجەم گرێبەستەکانى کارەبا لە ساڵى 2005 تاوەکو 2025 دەکەین و گەندەڵى و کەموکورتییەکان دیارى دەکەین.
وەزیرى کارەبا، ژمارەیەکى زۆر گەورەى بۆ خەرجیی کارەبا لە ساڵانى 2023 و 2024 و 2025 خستووەتەوە کە 54 تریلیۆن دینار بووە، هەڵۆ جەبارى گوتى کە وەزیرى ئەم ژمارەیەى ئاشکرا کرد، پەرلەمانتاران پێکەنینیان هات کە چۆن ئەو پارەیە خەرجکراوە و ئەوەش حاڵى کارەبایە.
ئاماژەى بەوەشکرد، لەو 54 تریلیۆن دینارە، تەنیا هەشت تریلیۆن دینارى بۆ مووچەى وەزارەتى کارەبا لەو سێ ساڵەدا خەرجکراوەو ئەوى دیکەى بۆ خەرجى گرێبەستەکانى کارەبا بووە.
گوتیشى "بڕیاردرا لیژنەى لێکۆڵینەوە لە خەرجى ئەو 54 تریلیۆن دینارە بۆ سێ ساڵى ڕابردوو پێکبهێنرێت، کە لیژنەکانى دەستپاکى، دارایى و کارەبا و وزە تێیدا بەشدار دەبن".
هاوکات، وەزیرى کارەبا لە ئەنجوومەنى نوێنەران ئەوەشى ڕوونکردەوەتەوە، پارەى کارەبا قەرزارن کە پارەى وڵاتانى ئێران و تورکیایە، لەگەڵ پارەى پرۆژەکانى کارەبا کە چین لە عێراق کارى کردووە.
بەرهەمی ئێستای کارەبای عێراق تەنیا 22 هەزار مێگاواتە، ئەمە لەکاتێکدایە بۆ ئەوەی 24 کاتژمێر کارەبا هەبێت 65 هەزار مێگاوات کارەبا پێویستە.
ڕۆژى شەممەى ئەم هەفتەیە، وەزیری کارەبا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی وزە دانی بەوەدا ناوە کە گەندەڵییەکی زۆر لە دۆسیەی کارەبادا کراوە. لە ئێستادا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستەکاندا دەکرێت.





