وردەکاریی هەناردەی نەوتی هەرێم و کەرکوک؛ ڕۆژانە 193 هەزار بەرمیل دەگاتە جەیهان
کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاماری نوێی هەناردەی نەوت و ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، زۆرینەی نەوتی کەرکوک لە ناوخۆدا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بەکاردەهێنرێت.
ئاماری هەناردەی نەوت لە ڕێگەی هێڵی هەرێمەوە
بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە کەناڵ 8ی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەممە 27ـی تەممووز، کۆی گشتیی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا 193,000 بەرمیل بووە. لەم بڕەیە، 133,000 بەرمیلی هی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە و 60,000 بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوکە.
ئاستی بەرهەمهێنان و گلدانەوەی ناوخۆیی لە هەرێم
هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 183,000 بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لەم بڕەیە، 50,000 بەرمیل نەوتی خاو بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان و بەرهەمهێنانی سووتەمەنی گلدەدرێتەوە، پاشان ئەوەی دەمێنێتەوە کە 133,000 بەرمیلە، ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت.
دابەشکردنی نەوتی کەرکوک بۆ پاڵاوگەکان
کۆی گشتیی بەرهەمی نەوتی کەرکوک ڕۆژانە 328,000 بەرمیلە. تەنیا 60,000 بەرمیلی هەناردەی دەرەوە دەکرێت، چونکە 268,000 بەرمیلەکەی دیکەی بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین، گازوایل و نەوتی سپی لە پاڵاوگەکاندا دابەش دەکرێت. بە جۆرێک 90,000 بەرمیل دەدرێتە پاڵاوگەی کار، 38,000 بەرمیل بۆ پاڵاوگەی بازیان و 140,000 بەرمیلەکەی دیکەش ڕەوانەی پاڵاوگەی بێجی دەکرێت.
کێشەی تەکنیکیی پاڵاوگەی بێجی و نەوتی بەسرە
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، هێنانی نەوتی بەسرە بە تانکەر بۆ کەرکوک ڕاگیراوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پاڵاوگەی بێجی ناتوانێت نەوتی بەسرە بپاڵێوێت، چونکە جۆری نەوتی بەسرە "مامناوەندە" و سیستەمی پاڵاوگەکە تەنیا بۆ پاڵاوتنی نەوتی "سوک"ی کەرکوک دیزاین کراوە.
پلان بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت
بەرپرسەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاشکرای کرد کە پلانێک هەیە بۆ زیادکردنی ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی هەرێم بۆ 200,000 بەرمیل بەرز بکرێتەوە، بەو مەرجەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە گونجاو بێت و ڕێگریی لە کارکردنی کێڵگە نەوتییەکان نەکرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا