
باسم خەشان، ئەندامى پێشووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەلایەن دادگاى کەرخ لە بەغداد، بە سێ ساڵ زیندانى و پێبژاردنى 10 ملیۆن دینار سزادرا، هۆکارى سزادانەکەشى، تۆمەتبارکردنێتى بە وەرگرتنى بەرتیل لە بەرامبەر ئەنجامدانى کارێک.
لە بڕیارەکەى دادگاى کەرخ هاتووە، ئەگەر تۆمەتبارەکە بڕیارى پێبژاردنەکەى جێبەجێ نەکرد، ئەوا ماوەی بەندکردنی دەبێتە پێنج ساڵ، هۆکارى سزادانەکەى گەڕێنراوەتەوە بۆ وەرگرتنى بەرتیل لە کەسێک کە ئەو هەوڵیداوە قەرزى نیشتەجێبوون وەربگرێت و خەشان بەڵێنى پێداوە ئاسانکاریى بۆ بکات.
هەر لە بڕیارى دادگادا هاتووە، دەستبگیرێت بەسەر سامانى گواستراوە و نەگواستراوەی ناوبراو و فەرمانى دەستگیرکردنەکەشى جێبەجێ بکرێت.
باسم خەشان لەلایەن دادگاى عێراق بە تۆمەتبارێکى هەڵهاتوو لە یاسا ناوزەد کراوە و داواکراوە دەستگیر بکرێت.
باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ بووە لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەر بە هیچ فراکسیۆن و حیزبێکی سیاسیی نەبووە، نوێنەری پارێزگای موسەننایە، پێشتر یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی زۆرترین سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانی حکومیی کورد تۆمار دەکرد.