حەیدەر عەبادى: عێراق ڕووبەڕووى قەیرانێکى دارایی ڕاستەقینە بووەتەوە

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ
حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ

حەیدەر عەبادى، سەرۆکى هاوپەیمانیی نەسڕ دەڵێت، لە چوار مانگى ڕابردوودا تێکڕاى هەناردەکردنى نەوت 12%ـى تێکڕاى ئاسایی تێنەپەڕاندووە، دەشڵێت، بەر لە داخستنى گەرووى هوورمز، عێراق گیرۆدەى قەیرانى دارایی بووە و پێویستى بە چاکسازیى بە پەلە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنى گەندەڵى لە هەموو ئاستەکاندا.

نەبوونی هیچ بەڵگەیەک بیسەلمێنێت لە عێراقەوە هێرشکراوەتە سەر سعودیە

عەبادى لە دانیشتنێکدا لە ئەنجوومەنى بەغداد بۆ دیالۆگ، ڕایگەیاند، دەستدرێژییەکەى ئەمریکا و سعودیە قبوڵنەکراوە و هیچ پاساوێک نییە بۆ کردنە ئامانجى کەسانێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕووداوەکەوە نییە، عەبادی دەڵێت، لایەنە حکومییەکانیش تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان نییە بیسەلمێنێت لە عێراقەوە هێرشکراوەتە سەر سعودیە.

پێویستی ڕووداوەکە بە لێکۆڵینەوە و سەلماندن

عەبادى جەختیشیکردەوە، ڕووداوەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و سەلماندنە، ناکرێت هەر لایەنێک لە یەککاتدا خۆى بکاتە ڕکابەر و دادوەر و جێبەجێکار.

دەستوور بە ڕوونی ئاماژە بە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکات

لەبارەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت، عەبادى گوتى، لە دەستووردا بە ڕوونى ئاماژە بە کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت کراوە و هەموو حکومەتەکانیش لە دواى 2003 ەوە تاوەکو ئێستا بە ڕەزامەندیى سەرجەم هێزە سیاسییەکان لە کارنامەیاندا جێگیریان کردووە، هیچ فراکسیۆنێکیش دژى ئەوە نەبووە دەقێکى لەو جۆرە لە کارنامەی پێکهێنانى حکومەتدا هەبێت کە ئەنجوومەنى نوێنەران دەنگى لەسەر داوە.

پێویستی عێراق بە چاکسازیی ڕاستەقینە

لەبارەى قەیرانى داراییش، حەیدەر عەبادى ڕایگەیاند، عێراق ڕووبەڕووى قەیرانێکى ڕاستەقینە بووەتەوە، هەناردەى نەوت لە چوار مانگى ڕابردوودا 12%ـى تێکڕاى ئاسایی تێنەپەڕاندووە، وڵات پێش داخستنى گەرووى هوورمز گیرۆدەى قەیرانى دارایی بووە و پێویستى بە چاکسازیى راستەقینەیە لە ئابووریدا تاوەکو کۆتایی بە گەندەڵى بهێنێت و لە سەرجەم ئاستەکاندا بەرەنگارى ببێتەوە.

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا