
وەزیرى دارایی عێراق باس لە دۆخى دارایی وڵات و دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران دەکات و دەڵێت، مانگانە 7.8 ترلیۆن دینارمان پێویستە، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى تەمموز 3.3 ترلیۆن دینار کورتهێنانمان هەیە.
فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق لەکۆبوونەوەیەکى لەگەڵ حەیدەر مەتەیرى، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕایگەیاندووە، لە چەند ڕۆژى ڕابردوو وەزارەت توانیوویەتى سێ ترلیۆن دینار مووچەى چەند وەزارەتێک دابەش بکات، نزیکەى دوو تریلیۆن و نیو پارەیان لەبەردەستە بۆ دابەشکردن، وەزارەت کاردەکات بۆ دابینکردنى سێ تریلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ تەواوکردنى مووچەى مانگى تەمموزى مووچەخۆران.
وەزیرى دارایی عێراق باسیلەوەکردووە، ئەو پارەى ئێستا لەبەردەستە بەسەر خانەنشینان دابەشى دەکەن.
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوێکى پێشترى وەزارەتى دارایی عێراق داهاتى پێنج مانگى ساڵى 2026ـى عێراق 33 تریلیۆن دیناربووە لە کاتێکدا خەرجى لەوماوەیەدا گەیشتووەتە 45 تریلیۆن دینار و بەهۆى بەردەوامی کێشەى گەرووى هوورمز و ڕاوەستانی هەناردەی نەوتەوە مانگانە قەبارەى کورتهێنان گەورەتر دەبێت.
بۆ چارەسەرى کێشەى کورتهێنان حکومەتى فیدراڵ چەند پڕۆژەیاسایەکى ناردووەتە ئەنجوومەنى نوێنەران یەکێک لە پڕۆژەکان تایبەتە بە قەرزى دەرەکى.

