
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ تورکیا واژۆکراوە، ئامانج لێی هەناردەکردنی 750 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە و ئەگەری زیادبوونیشی هەیە، دەشڵێت، کارەکان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی هێڵی نەوتی بەسڕە- جەیهان، بە ئامانجی زیاترکردنی بڕی هەناردەی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە.
سەلیم ڕوکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئێستادا بڕی هەناردەی نەوتی ڕۆژانە جێگیرنییە بەهۆی نەبوونی سەقامگیری و جووڵەی تانکەرەکانی نەوت کە جاروا هەیە لە ڕۆژێکدا هەناردەی نەوت دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل و ڕۆژێکی دیکە دەگاتە دوو ملیۆن، ژمارەیەکی دیاریکراو یاخود تێکڕایەکی جێگیر نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوت پلانی ئێستای گرنگیدانە بە هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەی نەوت، ئەوەش لە ڕێگەی دروستکردنی هێڵی بۆری نەوتی (بەسڕە -حەدیسە - کەرکووک – جەیهان) سەرەڕای لقی نوێی بەندەری بانیاسی سووریا بە ئاڕاستەی بەندەری عەقەبە.
گوتیشی، هەماهەنگیی هاوبەش هەیە لە نێوان عێراق و ئەمریکا و سووریا لە بواری نەوت و نوێترین ئاماژەکانی ئەو هەماهەنگییەش ئەو ڕێککەوتنەیە لەگەڵ سووریا واژۆکرا دەربارەی دروستکردنی هێڵی بۆری نەوتی حەدیسە-بانیاس.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
https://channel8.com/kurdish/news/223397
https://channel8.com/kurdish/news/220275