میدیای تورکیا وردەکاریی چۆنیەتی ڕادەستکردنی چەکەکانی پەکەکە بڵاودەکاتەوە

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پڕۆسەى سووتاندنى چەکەکانى پەکەکە وەک نیازپاکییەک بۆ ڕاگرتنى شەڕ لەگەڵ دەوڵەتى تورک و دەستپێکى پڕۆسەى چارەسەرى
پڕۆسەى سووتاندنى چەکەکانى پەکەکە وەک نیازپاکییەک بۆ ڕاگرتنى شەڕ لەگەڵ دەوڵەتى تورک و دەستپێکى پڕۆسەى چارەسەرى

پوختەى هەواڵ

  • هەوڵەکان بۆ دەرکردنی یاسای تایبەت بە پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەردەوامە
  • هەزاران کەس سوود لە یاساکە وەردەگرن
  • سەرکردەکانی پەکەکە و سەدانی دیکە بێبەش دەبن.
  • لە هەولێر و سلێمانی خاڵی چەک ڕادەستکردن دادەنرێت.
  • ئەوانەی سوود لە یاساکە وەردەگرن لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا ناو تۆمار دەکەن.
  • سەرکردەکانی پەکەکە و سەدان ئەندامیان لە یاساکە بێبەش دەبن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تورکیا کە لە دەسەڵاتەوە نزیکە، پاش دەرچوونی یاسای تایبەت بە پڕۆسەکە لە پەرلەمانی تورکیا، ماوەی مانگ و نیوێک تاوەکو دوو مانگ لە بەردەم پەکەکەدایە بۆ ئەوەی چەکەکانی ڕادەست بکات. پێش ئەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان بانگەوازی چەکڕادەستکردن دەکات و دوای ئەوەش پەکەکە وردەکاری چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکانی ئاشکرا دەکات.


پابەندبوون بە وادەى دیاریکراو

  • ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەیلول چەکڕادەستکردن کۆتایی بێت و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، کۆتاییهاتن و چەکڕادەستکردنی پەکەکە پشتڕاستبکاتەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە دەکرێت.
  • سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەسانەی یاساکە دەیانگرێتەوە، لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە سلێمانی و هەولێر ناوی خۆیان تۆمار دەکەن و لەو خاڵانەشی لەو دوو پارێزگایە دادەنرێن، چەکەکانیان ڕادەست دەکەن.
  • جگە لە چەکەکانی دەستیان، ئەندامانی پەکەکە درۆن و هەموو ئەو ئامێر و چەکانەی دیکە ڕادەست دەکەن کە لایانە و بۆ وەرگرتنیشیان، میت میکانیزمی خۆی دەگرێتەبەر.
  • ئەوانەشی لە وڵاتانی دیکەن، لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن، ئەو ناوانە بە هەماهەنگیی نێوان میت و وەزارەتەکانی دەرەوە، بەرگری، لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت و بەگوێرەی کەسەکان دۆسیەکەیان یەکلایی دەکرێتەوە.
  • ئەو ئەندامانەی پەکەکە دەگەڕێنەوە و سزاکانیان هەڵدەپەسێردرێت، پێویست ناکات ڕۆژانە و هەفتانە واژۆ بکەن و چوونە دەرەوەشیان لە وڵات لێقەدەغە ناکرێت.
  • 180 بۆ 200 کادری باڵای پەکەکە و نزیکەی هەزار ئەندامی دیکەی پەکەکە، یاساکە نایانگرێتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا، لەوانەش؛ باهۆز ئەرداڵ، موراد قەرەیلان، جەمیل بایک، دوران کاڵکان و بەسێ هۆزات.
  • عەبدوڵا ئۆجەلان کە لە 1999ـوە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵییە، سوود لە یاساکە وەرناگرێت.

ئەوانەى لە زیندانەکاندان

ئەو کەسانەشی لەسەر دۆسیەی پەکەکە و کەجەکە لە زیندانەکاندان، بە چوار هەزار و 500 تاوەکو پێنج هەزار کەس مەزەندە دەکرێن. ئەوانەی تاوانی کوشتنیان لەسەرە لە دەرەوەی یاساکە دەبن و ئەوانی دیکە بە گوێرەی ئەو سزایەی بەسەریاندا سەپێنراوە، سزاکەیان هەڵدەسەپێردرێت و ئازاد دەکرێن.
ڕۆژنامەی نەفەسیش بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە800  ئەندامی پەکەکە کە پێش2005  بە سزای قورس خراونەتە زیندان، سوود لە یاساکە نابینن.

زانیارى زیاتر بۆتۆ

https://channel8.com/kurdish/news/224311

https://channel8.com/kurdish/news/224248

https://channel8.com/kurdish/news/224173

https://channel8.com/kurdish/news/224126

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا