چارەنووسی عەبدوڵا ئۆجەلان لە پڕۆسەی ئاشتیدا ناڕوونە

عەدنان ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
عەبدوڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری پەکەکە
عەبدوڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری پەکەکە

پووختەی هەواڵ

  • سیاسییەکانی تورکیا لێدوانی جیاواز لەبارەی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان دەدەن
  • پارتی دەم و پەکەکە داوای مافی هیوا بۆ ئۆجەلان دەکەن و تورکیا ڕەتیدەکاتەوە
  • ئەورووپا داوای پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان دەکات

نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئەو پرۆسەیەدا تێدەپەڕێت، کە بە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان و بانگەوازی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە دەستیپێکرد و ڕۆژی چوارشەممەش پڕۆسەکە گەیشتە قۆناغی یاسایی. ئەوەی تاوەکو ئێستا نادیارە، چارەنووسی ئۆجەلانە؛ پەکەکە، پارتی دەم و ئەورووپا داوای پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان دەکەن و تورکیاش تاوەکو ئێستا ڕەتیدەکاتەوە.


بانگەوازەکەی باخچەلی


ڕۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024، کاتێک باخچەلی بانگەوازی بۆ ئۆجەلان کرد، پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە گوتی، با مافی هیوا بە ئۆجەلان بدرێت.

باخچەلی چەند جارێکی دیکە هەمان داواکاری باسکرد و ڕۆژی چوارشەممەش کە پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا، باخچەلی جارێکی دیکە داوای کرد، ئەو مافە بە ئۆجەلان بدرێت.

لەگەڵ ئەوەی باخچەلی دەستپێکەری پڕۆسەکەیە و هاوپەیمانی سەرەکیی ئەردۆغانە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو داواکارییەی جێبەجێنەکراوە.



مافی هیوا چییە؟

  • برتییە لە هەڵسەنگاندنی دامەزراوەیەکی تورکیا بۆ ئازادبوون و ئازاد نەبوونی کەسێک
  • کەسەکە سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی هەیە
  • ئامانج لەو مافە نەهێشتنەوەی کەسی سزدراوە لە زیندان


مافی هیوا بریتییە لە هەڵسەنگاندنی دامەزراوەیەکی یاسایی تورکیا، سەبارەت بە ئازادبوون یان ئازادنەبوونی کەسێک، کە بە سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادراوە.

مافی هیوا بۆ نەهێشتنەوەی کەسی سزادراوە لە زیندان بە درێژایی تەمەن و پێدانی هەلی ئازادبوون و ژیانکردنە لە دەرەوەی زیندان، ئەوەش لە کاتی سەرهەڵدانی هەلومەرجێک، کە دامەزراوەیەکی یاسایی بڕیاری لەبارەوە بدات.

ئەو سزادراوانەی رەفتار و هەڵسوکەوتیان بەو جۆرەیە چاوەڕوان کراوە، ئەو هەلەیان پێدەدرێت جارێکی دیکە تیکەڵ بە ژیانی کۆمەڵگە ببنەوە و بۆ هەمیشە لە زینداندا نەمێننەوە.

مافی هیوا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا خرایەڕوو. دادگاکە هێشتنەوەی کەسێک لە زیندان بە درێژایی ژیان و بەبی پێدانی ئومێدی ئازادبوون، بە پێشێلکردنی ماددەی سێیەمی رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا ناودەبات، کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان.

داواکاریی ئەورووپا بۆ پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان

تاوەکو ئێستا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە پێدانی مافی هیوا لە وڵاتانی ئەورووپا، چەند بڕیارێکی داوە کە چوار بڕیاریان تایبەتە بە تورکیا.

  • بڕیاری یەکەم؛ 18ی ئازاری 2014 سەبارەت بە عەبدوڵا ئۆجەلان
  • بڕیاری دووەم؛ 15ی ئەیلولی 2015 سەبارەت بە حەیاتی کایتان
  • بڕیاری سێیەم؛ 15ی کانوونی یەکەمی 2015 سەبارەت بە ئەمین گوبران
  • بڕیاری چوارەم؛ 12ی شوباتی 2019 سەبارەت بە جوان بۆڵتان

لە بڕگەی 16ی ماددەی 107ی یاسای سزا و ڕێکارە ئەمنییەکان و ماددەی دووەمی هەمان یاسا لە تورکیا، هاوکات بە ماددەی 17هەمینی یاسای بەرەنگاربوونەی تیرۆر، هەندێک سزای هەمیشەیی قورسکراو، کە تایبەتن بە تاوانەکانی وەک تیرۆر، ئازادبوونی هەمیشەیی نایانگرێتەوە.

ئەوەش ئەو ماددە و یاسایانەیە، کە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، چاوەڕێییە تورکیا گۆڕانکارییان تێدا بکات و تورکیا رەتیدەکاتەوە.دادگای مافی مرۆڤ لە ئەورووپا رۆژی 18ی ئازاری 2014، داوای لە تورکیا کرد یاساکانی هەموواربکاتەوە و مافی هیوا بە ئۆجەلان بدات.دادگاکە ئاماژەی بەوەکردبوو، نەڕەخساندنی دەرفەتی پێداچوونەوە بە سزا یان هیوای ئازادکردن بۆ ئەو کەسانەی کە سزای زیندانی هەمیشەیی قورسکراویان بەسەردا سەپێنراوە، پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپایە.دادگاکە چەندین جار هەمان داواکاری بۆ تورکیا ناردووە و ئەنقەرە ڕەتیکردووەتەوە.تورکیا پێدانی مافی هیو ابە ئۆجەلان ڕەتدەکاتەوە


لە ئازاری 2025، یڵماز تونچ، وەزیری پێشووی دادی تورکیا رایگەیاند، ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان هەبووە، ئازادبوونی مەرجدار نایانگرێتەوە. ئەوەش ئەو دۆخەیە کە ئۆجەلانی تێدایە.

ڕۆژی چوارشەممە و پاش ئەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای پڕۆسەکە ئاڕاستەی پەرلەمانی تورکیا کرا، عەبدوڵا گویلەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی سەبارەت بە ئۆجەلان گوتی، گۆڕینی دۆخی ئۆجەلان پێویستی بە یاسایەکی تایبەت نییە و لە دەستی وەزارەتی دادی تورکیادایە.

بەو جۆرەش لە پرۆژەیاساکەدا، هیچ ئاماژەیەک بۆ دۆخی ئۆجەلان و پێدانی مافی هیوا پێی نەکرا.

لە نیسانی 2025، گالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئامەدی ئاکپارتی دەسەڵاتدار، کە خۆی کوردە و لەدایکبووی ئامەدی باکووری کوردستانە، لە میانی بەشداریکردنی لە بوڵتنی هەواڵەکانی کەناڵ8 گوتی، ئەگەر پڕۆسەکە سەربگرێت و پەکەکە چەک دابنێت ئەوا بە ئاسانی دەتوانرێت مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بدرێت.

زیادبوونی داواکارییەکان بۆ پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان

  • داوای مستەفا قەرەسوو بۆ پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان
  • داوایەکی دیکەی لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوورپا
  • پیویستە تورکیا هەنگاوی بە پەلە بنێت


لە ئابی 2025، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی ئەو کاتەی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" ڕایگەیاند، پێویستە تورکیا مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتەکەیان بدات.

لە ئەیلولی 2025، لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا، جارێکی دیکە داوای لە تورکیا کرد،"مافی هیوا" بە ئۆجەلان و هاوڕێکانی بدات.

لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە کۆبوونەوەکانیدا، داوای لە ئەنقەرە کردووە کە هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ پێدانی مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەمین گوربان، جوان بۆڵتان و حەیاتی کایتان. ئەم داواکارییە دووپاتکردنەوەی بڕیارێکی پێشووی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە.

بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی مافی هیوا

  • جەختکردنەوە لە پێدانی مافی هیوا
  • مافی هیوا پەیوەندی بە هەزاران کەسەوە هەیە
  • پێویستە دەوڵەت ئەو هەنگاوە بنێت


17ـی تشرینی یەکەمی 2025، نووسینگەی یاسایی سەدە، کە پێکهاتووە لە پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان، لەبارەی سەردانەکەی ڕۆژی 13ی ئەو مانگەیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی و بۆچوونی نوێی ئۆجەلان ڕایگەیاند، ئۆجەلان جەختی لە گرنگیی پێدانی مافی هیوا بە زیندانییان کردووەتەوە و گوتویەتی، بنەمای هیوا، ئەو هەنگاوەیە، پێویستە دەوڵەت بینێت، چونکە پەیوەندیی بە هەزاران کەسەوە هەیە.

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکردبوو، مافی هیوا لە ڕووی سیاسی و دادپەروەریشەوە، هەنگاوێکی پێویستە و دەبێت ڕەهەندە یاساییەکەی جێبەجێبکرێت.

لە نۆی ئابی 2022، نووسینگەی پارێزەرانی سەدە، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا و چەند ڕێکخراوێکی دیکەی یاسایی و مرۆیی، سەبارەت بە پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان، سکاڵایان پێشکەشی لیژنەی وەزیرانی سەربە ئەنجوومەنی ئەورووپا کرد و داوایان کرد، بڕیاری دادگای مافی مرۆڤ سەبارەت بە پێدانی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان جێبەجێبکرێت.

بۆچوونی فەرمیی تورکیا لەبارەی مافی هیوا

  • ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سزای زیندانیکردنی هەمیشەییان هەیە
  • ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تاوانی تیرۆریان ئەنجامداوە
  • قورسکردنی سزای هەمیشەیی


تورکیا پێشتر سەبارەت بە سکاڵاکە ڕایگەیاند، ئازادکردنی مەرجدار ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سزای زیندانیکردنی هەمیشەییان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام بەشێک لەو سزادراوانە بەهۆی جۆری ئەو "تاوانەی" لەسەری سزادراون، ئەو مافە نایانگرێتەوە، لەوانەش تاوانی تیرۆر.

پاش سێ ساڵ، لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا، لە کۆبوونەوەکانی 17 تاوەکو 19ی ئەیلولی 2024، جارێکی دیکە گفتوگۆی دەربارەی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان کرد و داوای کرد بڕیارەکەی دادگا جێبەجێبکرێت.

تورکیا لە پلانی خۆیدا کە رۆژی 27ی حوزەیرانی 2025، تیایدا وەڵامی لیژنەکەی دابووەوە، جارێکی دیکە ئۆجەلانی لە مافی هیوا بێبەشکرد و گوتی، "پێویست بە گرتنەبەری رێکاری تایبەتی دیکە ناکات، سزای هەمیشەیی قورسکراو، تایبەتە و ناتوانن سودمەند بن لە میکانیزمی ئازادبوونی مەرجدار."

ئەوەش دەریدەخات، تورکیا قایل نییە بە داواکارییەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، کە داوای پێداچوونەوە بە یاساکان و پێدانی مافی هیوا بە سزادراون دەکات.

ناڕوونیی ئاکپارتی و مەهەپە لەبارەی مافی هیوا

  • ئەو کەسەی سوودمەند بێت دەبێت سێ مەرجی تێدا بێت
  • ئەو مافە تەنیا تایبەت نییە بە کەسێکی دیاریکراو


شوباتی 2026، فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی بەندکراوێک لەم مافە سوودمەند بێت دەبێت سێ مەرجی تێدابێت. مەرجی یەکەم بریتییە لە تێپەڕاندنی لانی کەمی سزاکە و هەبوونی هەڵسوکەوتی گونجاو لە ماوەی بەندکردندا. مەرجی دووەم ئەوەیە کە دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانە و دادوەری دۆسیەکە بڕیار بدەن کە ئایا بەندکراوەکە شایستەی ئەو مافەیە یان نا. مەرجی سێیەمیش ئەوەیە کە نابێت بەندکراوەکە لەسەر دۆسیەی تیرۆر بە زیندانیی هەتاهەتایی سزادرابێت.

لە شوباتی 2026، محەممەد ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، وەڵامی فەتحی یڵدز، جێگری دەوڵەت باخچەلی دایەوە کە داوایکرد مافی هیوا بە ئۆجەلان بدرێت و گوتی، ئەو مافە تەنیا تایبەت نییە بە کەسێکی دیاریکراو یان ئەگەری ئازادبوونی ئۆجەلان، بەڵکو پێدانی مافی ئازادبوونی مەرجدارە بە هەر کەسێک کە سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی هەبێت.

ئوچوم ئەو کەسانەی خستەڕوو کە مافی هیوا دەیانگرێتەوە کە بریتین لە؛

ئەو کەسانەی بەهۆی هەندێک تاوانی دیاریکراوەوە، بە زیندانیکردنی هەمیشەیی قورسکراو سزادراون.

ئەو کەسانەی لە ڕابردوودا بە تۆمەتی تاوانی تیرۆر، بە سزای لەسێدارەدان سزادراون و دواتر سزاکەیان گۆڕاوە بۆ زیندانیکردنی هەمیشەیی قورسکراو.

ئەو کەسانەی بە تاوانی تیرۆر، سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی قورسکراویان بەسەردا سەپێندراوە. ئەوەش ئەو سزایانەیە کە بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندراون.

لە کۆتایی ئابی 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند، پێویستە مافی هیوا بە عەبدوڵا ئۆجەلان بدرێت و دەوڵەتی تورکیاش دان بە زمان، ناسنامە و مافەکانی کورددا بنێت.

ئێستا چارەنووسی ئۆجەلان و پێدانی مافی هیوا بۆی ناڕوونە، بەڵام ئۆجەلان هەر لە سەرەتای پڕۆسەکەوە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەوەی گرنگە، سەرخستنی کۆی پڕۆسەکەیە نەک ژیانی تایبەتی خۆی.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/142454

https://channel8.com/kurdish/news/145084

https://channel8.com/kurdish/news/181848

https://channel8.com/kurdish/news/177570

https://channel8.com/kurdish/news/177685

https://channel8.com/kurdish/news/180704

عەدنان ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا