
لە نێوەندی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئەمریکا و ئێران، وڵاتانی سعودیە، تورکیا و پاکستان، ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، هەرسێ وڵات واژۆکردنی "ڕێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە"ـیان ڕاگەیاند، کە مەبەست لێی پابەندبوونی هاوبەشە بۆ زیاتر بەهێزکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵ، بەرەوپێشبردنی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند، لەدوای ئەم ڕێککەوتنەوە، هێرش بۆ سەر هەر ئەندامێک، بە هێرش بۆ سەر هەمووان هەژمار دەکرێت.
هەر لەم بارەیەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە تۆڕی ئێکس دڵنیایی دا، ڕێککەوتنەکە هیچ وڵاتێک ناکاتە ئامانج و گوتیشی کراوەیە بۆ بەشداریی ئەو وڵاتانەی ئامانجیان پەرەپێدانی ئاشتی، خۆشگوزەرانی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
لای خۆشیەوە ڕائد قریملی، جێگری وەزیری دەرەوەی سعودیە بۆ دیپلۆماسیی گشتی، لە تۆڕی ئێکس، دڵنیاییدا ڕێککەوتنی مەککە، پەیوەست نییە بە هیچ ئامانجێکی ئەتۆمی یان پێشبڕکێی چەکەوە، ئاماژەی بەوەشکرد هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە.
واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی سعودیە ئاشکرایان کردووە، خۆیان بۆ هێرشێکی هاوبەشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حوسییەکان ئامادە دەکەن.
ڕیاز هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی بەهێزتر بکات لە نێوەندی ئەو جەنگەی لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەڵگیرساوە، کە وڵاتانی دەوروبەری کێشکردووەتە ناوخۆی و جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز و دەریای سووردا پەکخستووە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سعودیە زیاتر لە تورکیا، میسر و پاکستان نزیکبووەتەوە کە گوشاریان دروستکردووە بۆ نێوەندگیری و چارەسەرکردنی ململانێکە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ





