یەمەن و سعودیە ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە هێرشی حوسییەکان دەبنەوە
پوختەى هەواڵ
- یەمەن و سعودیە ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە هێرشی حوسییەکان دەبنەوە
- هێرشێکی درۆنی نوێی حوسییەکان کوژرانی سێ سەربازی حکومەتی یەمەنی لێکەوتەوە
- هێرشێکی حوسییەکان بۆسەر باشووری سعودیە بووە هۆی برینداربوونی11 هاوڵاتی
- لە هێرشەکەی ڕۆژی ڕابردوو 58 سەربازی سەر بە حکومەتی یەمەن کوژراون
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینى، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر ناوچەی حەریب، لە باشووری پارێزگای مەئرەب، سێ ئەندامی هێزەکانی حکومەتی یەمەن کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون.
هێرشى حوسییەکان بۆسەر سعودیە
- حووسییەکان درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە، لە هێرشێکدا بۆسەر باشووری سعودیە،11 هاوڵاتیی سیڤیلیان بریندارکرد.
- بە بەرزترین ژمارەی بریندار لە شانشینەکەدا دادەنرێت، لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هێرشی حوسییەکانەوە.
- بریندارەکان پێکهاتوون لە حەوت هاوڵاتیی سعودی، لە نێویاندا منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ و ژنێک، لەگەڵ دوو هاوڵاتیی میسری، یەمەنییەک و پاکستانییەک هەیە.
- هەر لە ڕۆژی پێنجشەممەدا، لە خوێناویترین ڕووبەڕووبوونەوەیاندا، هێرشی مووشەکی و درۆنی حوسییەکان، بنکە سەربازییەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی یەمەنیان کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم58 سەربازی سەر بە حکومەتی یەمەن.
لێدوانى فەرمى حوسییەکان
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانیان وەڵامێک بوون بۆ پاڵپشتییەکانی سعودیە بۆ حکومەتی یەمەن، لای خۆشیەوە، وەزارەتی بەرگریی یەمەن ڕایگەیاند، لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی ئەم هێرشانە دەدەنەوە.
ئاڵۆزییەکان چۆن بەرۆکى یەمەنیان گرتووە
یەمەن، کە پێشتر بەهۆی زیاتر لە دەیەیەک لە جەنگەوە وێران بووە، زیاتر ڕاکێشراوەتە ناو ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
حوسییەکان، کە کۆنتڕۆڵی سەنعای پایتەخت و زۆربەی باکووری یەمەنیان کردووە، پابەندیی خۆیان بە ئاگربەستی ساڵی 2022، لەگەڵ حکومەتی یەمەنی پشتیوانیکراو لەلایەن سعودیەوە هەڵپەساردووە، لەوکاتەوە گرووپەکە، هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی حکومەتی یەمەن و سعودیە چڕکردووەتەوە.
زانیارى زیاتر بۆتۆ
3 کاتژمێر پێش ئێستا