
ئەمڕۆ هەینی، 7ـى ئابى 2026، لە شاری مەککە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کۆبوونەوە.
پاش کۆبوونەوەکە ئەردۆغان، بن سەلمان و شەریف "ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە"ـیان واژۆ کرد، کە جەخت لە هەماهەنگیی هەرسێ وڵاتەکە بۆ پاراستنی هاوبەش و بەرگریی سەربازیی دەکاتەوە.
چەند مانگێک بوو هەر سێ وڵات، بە چڕی کاریان لەسەر نووسینەوە و ئامادەکردنی ڕێککەوتنەکە دەکرد.
بڕیاربوو ڕێککەوتنەکە لە چەند مانگی داهاتوو واژۆ بکرێت، بەڵام جەنگی ئێران و ئەمریکا، مەترسیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حووسییەکان بۆ سەر سعودیە، کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی پێشخست.
تاهیر ئاندرابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستانیش، ڕێککەوتنەکە بە ستراتیژی ناو دەبات.
پێشتر و لە ساڵی 2025، پاکستان و سعودیە ڕێککەوتنی بەرگریی ستراتیجی نێوانیان واژۆ کردبوو، دواتر بڕیاردرا تورکیاش بخرێتە ناو ڕێککەوتنەکەوە.
ڕێککەوتنەکە بوارەکانی پیشەسازیی بەرگریی، ڕاهێنانی سەربازیی و هەماهەنگیی هەواڵگری و ئەمنیی لەخۆدەگرێت.
https://channel8.com/kurdish/news/224480