واشنتن پۆست: پنتاگۆن داوای خێراکردنی بەرهەمهێنانی چەک دەکات
پووختەی هەواڵ
- پنتاگۆن 21 ڕۆژی بە کۆمپانیاکان داوە بۆ پێشکەشکردنی پلانێک بۆ بەرهەمهێنانی خێراتری چەک
- پلانەکە بۆ ئەو چەکانەیە کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە کەمبوونەتەوە
لە نامەیەکی تایبەتدا، پنتاگۆن داوای لە کەرتی بەرگریی ئەمریکا کردووە، بەخێرایی بەرهەمهێنان و گەیاندنی چەک زیاد بکات، بە تایبەت ئەو چەکانەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە.
دیاریکردنی وادەیەکی سێ هەفتەیی
- مادەی 21 ڕۆژ دیاریکراوە بۆ وەڵامدانەوە
- پێشکەشکردنی پلانی خێراتر و بەرهەمهێنانی خێراتر
- پلانەکە زیاتر بۆ کەرەستە سەربازییە گرنگەکانە
بەگوێرەی نووسراوێک کە دەست ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکا کەوتووە، ستیڤ فاینبێرگ، جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە، نامەیەکی بۆ سەرکردەکانی پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا ناردووە و وادەی 21 ڕۆژی پێداون، تاوەکو پلانێک پێشکەش بکەن بۆ گەیاندنی زۆر خێراتر یان ڕێژەی بەرهەمهێنانی زیاتر، بۆ کەرەستە گرنگە سەربازییەکان.
فاینبێرگ نووسیویەتی، "چیدیکە ناتوانین ساڵانێک چاوەڕێ بکەین بۆ بەرهەمهێنان، دەبێت خشتەی کارەکانمان خێراتر بکەین و هەر ئێستا زیاتر دروست بکەین."
کەمبوونەوەی یەدەگی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، لە جەنگەکەیدا لەگەڵ تاران، کۆگای چەکی واشنتن، ڕووبەڕووی کەمی بووەتەوە، هاوکات ئەم کەمبوونەوەیە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، ئەم ڕێنماییە نوێترینی ئەو زنجیرە هەنگاوانەیە کە پنتاگۆن و کۆشکی سپی گرتوویانەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک کە ڕەنگە تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی کۆنگرێس بودجەی زیاتر بۆ پنتاگۆن پەسەند دەکات.
ترەمپ ڕاپۆرتەکان ڕەتدەکاتەوە
ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ ئەو ڕاپۆرتانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە بەتاڵبوونی کۆگای چەکی ئەمریکا دەکەن و ڕایگەیاندووە بڕێکی زۆر گەورە چەکیان هەیە و لە ئێستادا بڕێکی زۆر دروست دەکرێت و بەپێی پێویست بۆ ئەمریکا دەنێردرێت.
هەر بەگوێرەی واشنتن پۆست، پنتاگۆن لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتنی چوارچێوەیی لەگەڵ گەورەترین بەڵێندەرانی بەرگریی ئەمریکا و کۆمپانیا نوێکانی بواری بەرگریدا ڕاگەیاندووە، بەمەبەستی زیادکردنی دابینکردنی چەکی کەم تێچوو وە پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ئەمریکا 80%ی مووشەکەکانی سیستەمی تادی لە جەنگی ئێران بەکارهێناوە
کۆگاکانی چەکی ئەمریکا بەرەو بەتاڵبوون دەچن؛ واشنتن ناردنی تەقەمەنی بۆ ئەوروپا پەکخست
2 کاتژمێر پێش ئێستا