230 کۆچبەر بە يەک بەلەم لە فەڕەنساوە پەڕيونەتەوە بۆ بەريتانيا

ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
چەند کۆچبەرێک لە ئاوەکانی کەناڵی ئینگلیزدا
چەند کۆچبەرێک لە ئاوەکانی کەناڵی ئینگلیزدا

پووختەی هەواڵەکە:

  • حکومەتی بەريتانيا: منداڵی ساوا لەناو سەرنشينانی بەلەمەکاندان
  • لە مانگی تەمموزدا چوونی کۆچبەران بۆ بەريتانيا زياديکردووە

بەرپرسانی بەريتانيا و فەڕەنسا ڕايانگەياند، ئەمڕۆ بەلەمێکی بچووکی کۆچبەران بە 230 سەرنشينەوە پەڕيوەتەوە بۆ بەريتانيا، ئەوەش ژمارەيەکی پێوانەی کۆچبەرانە کە بە يەک بەلەم گەيشتبنە ئەو وڵاتە.


خزمەتگوزاریی بەلەمی ڕزگارکەری فەڕەنسا لە ڕاگەيێندراوێکدا بڵاويکردووەتەوە، 230 کەس کە زیاتر لە 20يان منداڵبوون لەناو ئەو بەلەمە چووپەدا بوون کاتێک لە کەناراوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنساوە ڕۆيشتوون.

ڕێکۆردی پێشووی تێکشکاند

  • مانگی ڕابردوو 165 کەس بە یەک بەلەم پەڕینەوە
  • هەفتەی ڕابردوو بەلەمێک لە کەناڵی ئینگلیزی ئاگری گرت و وەرگەڕا
  •  ئۆپراسیۆنێک بۆ ڕزگارکردنی سەرنشینەکانی دەستپێکرا


ئەم ژمارەیە ڕیکۆردی پێشوو دەشکێنێت، کە مانگی ڕابردوو تۆمارکرابوو کاتێک 165 کەس بە يەک بەلەم کەناڵی ئينگليزيان تێپەڕاندبوو، کە درێژی ئەو بەلەمە 15 مەتر بوو.

هەفتەی ڕابردوو، بەلەمێک بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتبوو کە زیاتر لە 150 کەسی هەڵگرتبوو دوای ئەوەی بزووێنەرەکەی ئاگری گرت لە کەناڵی ئينگليز وەرگەڕا، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی گەڕان و ڕزگارکردن لە کەناڵەکە بەڕێوەچوو.

لێدوانی گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا


گوتەبێژی ئاندی بێرنام سەرۆکوەزيرانی نوێی بەريتانيا ڕايگەياندووە، کۆرپەی بچووک دەخرێتە ناو ئەو بەلەمانەوە، ئەوەش ديوی ڕاستی ئەو باندە قاچاخچييانە نيشاندەدەن کە لەپێناو بەرژەوەندی خۆيان ژيانی مرۆڤ دەخەنە مەترسييەوە.

پارتی کرێکاران لە دوای هاتنەوەی بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی 2024 هەوڵيداوە لە ڕێگەی زيادکردنی هەماهەنگی لەگەڵ فەڕەنسا ڕووبەڕووی قاچاخچييەکان ببێتەوە.

ڕێککەوتنی نوێی پاریس و لەندەن

لە مانگی نیساندا، لەندەن رێککەوتنێکی نوێی سێ ساڵەی لەگەڵ پاریس واژۆکرد و ڕێککەوتن لەسەر پێدانی تا 766 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئاسانکاريکردن بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری فەڕەنسا.

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت " ئەو ستراتيجييانەی پەيڕەوی دەکەن کاريگەری هەبووە و لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا پەڕينەوەی کۆچبەران %42 کەميکردووە.

بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چوونی بەلەمی کۆچبەران بۆ بەريتانيا زياديکردووە و لە مانگی تەمموزدا بە تێکڕا 752 کەس پەڕيونەتەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

بەریتانیا هاوشێوەی کەنەدا سیستمێکی نوێی یاسایی بۆ وەرگرتنی پەنابەران پەیڕەو دەکات

شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ چوونی کۆچبەران بۆ بەريتانيا کەميکردووە

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە کەناراوەکانی مۆریتانیا 144 کەس لە بەلەمەکانی کۆچبەراندا بوونەتە قوربانی

ئيسپانیا: 100 کەس لەکاتی لێشاوی کۆچبەرانی مەغریب گیانیان لەدەستداوە

ئارام یوسف

3 کاتژمێر پێش ئێستا