وەزارەتى دارایی ڕێکارەکانى بۆ دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوە ڕاگەیاند
پووختەى هەواڵەکە
- وەزارەتى دارایی: پێویستە گشت لایەنەکان تاوەکو 1ـى تشرینى یەکەم کارەکانى پلە بەرزکردنەوە ئەنجام بدەن
- پلەکانى 10 تاوەکو 4 لە دەسەڵاتى وەزارەت و فەرمانگەکاندایە.
- پلەکانى 3 تاوەکو 1 لە دەسەڵاتى وەزارەتى دارایی دایە.
- شایستەکانى پلە بەرزکردنەوە لە ئەستۆى حکومەتى فیدراڵدایە
- ئەم پڕۆسەیە بەغداد پابەند دەکات بە دابینکردنى جیاوازى مووچە و دەرماڵە و شایستە داراییەکانى ڕابردوو
- ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆى پێداچوونەوە و کاراکردنەوەى سەرمووچەى ساڵانە.
بە گوێرەى ئەو زانیارییەى گەیشتووە بە کەناڵ8، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـى ئابى 2026، وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان ڕێکارەکانى بۆ دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوە ڕاگەیاند، بە پێویستیشى دەزانێت گشت لایەنەکان تاوەکو 1ـى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ، کارەکانى پلە بەرزکردنەوە ئەنجام بدەن، دەشڵێت: شایستەکانى پلە بەرزکردنەوە لە ئەستۆى حکومەتى فیدڕاڵدایە و دەبێتە هۆى پێداچوونەوە و کاراکردنەوەى سەرمووچەى ساڵانە.
پووختەى ڕاگەیێنراوەکە
- بە گوێرەى نووسراوێکە کە واژۆى ئاوات جەناب، وەزیرى دارایى لەسەرە، دەڵێت: پەیوەست بە گرتنەبەرى ڕێکارى درووست بەمەبەستى هەژمارکردن و پلەبەرزکردنەوەى سەرجەم فەرمانبەران لە پلە 10 بۆ پلە یەک بەگوێرەى ڕێنمایى دارایى ژمارە 21ى ساڵى 2008، کە پاڵپشتە بە یاساى مووچەى فەرمانبەران و کەرتى گشتى ژمارە 22ـى هەمان ساڵ.
- بۆ ئەو فەرمانبەرانەى لە1ـى 1ـى 2016ەوە شایستەى پلەبەرزکردنەوەبوون بەڵام بەهۆى باروودۆخى دارایى هەرێمەوە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران ژمارە 56 لە 21ـى 12ـى 2015ەوە، ڕێنمایى دارایى ژمارە 11ـى ساڵى 2016، پلە بەرزکردنەوەیان ڕاگیراوە.
- بە گوێرەى نوسراوەکە، لەگەڵ گشتاندنیان بەگوێرەى خشتەکانى هاوپێچ دەستبەجێ ڕێکارەکانى پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکەن، بەجۆرێک پلەبەرزکردنەوەى پلەکانى 10 تاوەکو 4، لە دەسەڵاتى وەزارەتەکان و فەرمانگەکانى نەبەستراو بە وەزارەتدایە، بە گوێرەى گشتاندنى دارایى ژمارەى 2ـى ساڵى 2009، بە مەرجێک لە ڕێگەى لیژنەیەکى تایبەتەوە بێت.
- لە دیوانى وەزارەت یان فەرمانگەوە پلەکانى 1،2،3، لە دەسەڵاتى وەزارەتى دارایى و ئابوورى، بەڕێوەبەرایەتى گشتى بودجە و میلاکات دەبێت، بە گوێرەى ئەو مەرج و ڕێکارانەى لە یاسا و ڕێنمایى ئاماژەپێکراو هاتووە بۆ ئەو مەبەستە.
- گشت لایەنەکان تاوەکو 1ـى 10ى 2026، لە ڕۆژى دەرچوونى ئەم گشتاندنە کارەکان ئەنجامبدەن تاوەکو کارى پێشینەیان بێت بە مەبەستى جێگیرکردنى مافى فەرمانبەران بۆ ئەوەى بتوانن مافى شایستە داراییەکانی خۆیان وەربگرن لە حکومەتى عێراقى فیدراڵ، بەپێچەوانەوە وەزارەت و فەرمانگەکانى نەبەستراو بە وەزارەت بەرپرسیاریەتى یاسایى و کارگێڕى و دواکەوتنەکە دەگرنە ئەستۆ.
- شایستەکانى پلە بەرزکردنەوە لە ئەستۆى حکومەتى فیدڕاڵدایە و ئەم پڕۆسەیە بەغداد پابەند دەکات بە دابینکردنى جیاوازى مووچە و دەرماڵە و شایستە داراییەکانى ڕابردوو، هەروەها ئەم پڕۆسەیە دەبێتەهۆى پێداچوونەوە و کاراکردنەوەى سەرەمووچەى ساڵانە.
لە ساڵى چەندەوە پلەبەرزکردنەوە ڕاگیراوە؟ ئەگەر دەستپێبکاتەوە هەر فەرمانبەرێک چەندێک زیاد دەکات؟
ئەوە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی 1ـی ساڵی 2016، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیرا و بۆ هەندێک لە فەرمانبەران سێ ساڵ جارێک و بۆ هەندێکی دیکە چوار ساڵ جارێک پلە بەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە.
لە دۆخی خەرجکردنی پلەبەرزکردنەوە بۆ فەرمانبەران بە تێکڕا هەر مووچەخۆرێک لە نێوان 50 بۆ 100 هەزار دینار بۆ هەر پلە بەرزکردنەوەیەک دەچێتە سەر مووچە بنەڕەتییەکەی.
جگە لە پلەبەرزکردنەوە لە هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ساڵە سەرمووچە ڕاگیراوە و بە گوێرەی بە دواداچوونەکانی کەناڵ8، لە ساڵی 2024ـەوە سەرمووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج ناکرێت.
سەرمووچە واتا (عەلاوە)، ساڵانەیە و بۆ هەر ساڵێک لە نێوان 5 هەزار دینار تاوەکو 10 هەزار دینار دەچێتە سەر مووچەی فەرمانبەر، حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 49 ملیار دینارە بۆ دەستپێکردنى پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران.
زانیارى زیانر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا