شاندى عێراق بۆ سعودیە: ڕێگەنادەین سەروەریی عێراق پێشێلبکرێت
پووختەی هەواڵەکە
- گفتوگۆکردن لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندیەکانی نێوان بەغداد و ڕیاز
- شاندى عێراق بۆ سعودیە: عێراق نابێت سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکانی
- گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی سنوورەکان
شاندی ئەمنیی عێراق بە بەرپرسانى باڵاى سعودیەیان ڕاگەیاند، هەموو پێشێلکارییەکی سەروەری وڵاتەکەیان ڕەتدەکەنەوەو ناشبنە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانى دراوسێ.
شاندەکە لەسەر بڕیاری عەلی زەیدی سەردانی سعودیەی کردووە
شاندێکى باڵای ئەمنی، لەسەر بڕیاری عەلی زەیدی، سەردانی ڕیازى کرد، ئەوەش دوابەدوای سەردانێکی شاندی سعودیە بووە بۆ بەغداد لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو.
لێدوانی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق
- شاندی عێراق لەگەڵ وەزیری بەرگری سعودیە کۆبوونەتەوە
- گەورەبەرپرسانی ئەمنی و سەربازیش ئامادە بوون
- گفتوگۆکردن لەسەر هەماهەنگی ئەمنی و هەواڵگری
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکەی عێراق لە سعودیە دیداریان لەگەڵ خالید بن سەلمان، وەزیرى بەرگری ئەو وڵاتە هەبووە و گەورە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیش ئامادەبوون.
جەختکردنەوە لە هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات
سەباح نوعمان باسلەوە دەکات، لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان بەغداد و ڕیاز کراوە، لە بوارەکانی سەربازی و بەرگری، هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی سنوورەکان، هەماهەنگی ئەمنی و هەواڵگری کراوە و جەخت لە گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات کراوەتەوە.
وەزیرى بەرگریی سعودیە، جەختیلەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی بەردەوام لە بوارەکانی ئەمنی و سەقامگیری و پەرەپێدان و گەشەسەندن پشتیوانیی عێراق دەکات.
جەختکردنەوە لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق
سەباح نوعمان باسلەوە دەکات، عەبدولئەمیر شەممەری، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردووەتەوە، کە ڕێگەنەدان بە هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ و بەکارنەهێنانی خاکەکەی دژی هیچ وڵاتێک.
بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەوەشی بە وەزیری بەرگریی سعودیە گوتووە، ئەوان ڕێز لە سەروەرى وڵاتانى دراوسێ دەگرن، لەگەڵئەوەشدا قبوڵیشى ناکەن سەروەرى وڵاتەکەیان پێشێلبکرێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق لەگەڵ وەزیرى بەرگریی سعودیە کۆبووەوە
شاندێکى باڵاى ئەمنى عێراق گەیشتە سعودیە
عێراق و سعودیە هەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن
2 کاتژمێر پێش ئێستا